کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترێلییەکی هەڵگری ماشینی لاکچەری سووتێنرا

10:51 - 19 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ترێلییەکی سەر بە سپای پاسداران کە کۆمەڵێک ماشینی لاکچەری ئاغازادەکانی پێ بوو، لەلایەن کەسانێکی نەناسراوەوە هێرش کرایە سەری و سووتێندرا.

بەپێی هەواڵێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو کراوەتەوە، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەر لە ٧٠ کیلۆمێتری جاددەی بەندەرعەباس بۆ لار، ترێلییەکی هەڵگری کۆمەڵێک ماشینی لاکچەری و بەنرخی ئاغازادەکان بووە ئامانجی هێرش و پەلامارێکی چەکداری و ئاگری تێبەردرا.

بەپێی ئەم هەواڵە تەرێلی سووتێندراو سەر بە سپای پاسداران بووە کە لە بەندەرگای ڕەجاییەوە بەرەو تاران وەڕێکەوتووە کە وەبەر پەلاماری کەس یان کەسانێکی نەناسراو کەوتووە.
سووتاندنی ئەم ماشینانە کە خوشحاڵی و کەیفخۆشی خەڵکی ناوچەکەی لیکەوتۆتەوە، نیشانە و هێمای ڕق و بێزاری پەنگخواردووی خەڵکانێکی تەنگپێهەڵچنراوە کە ساڵانێکە بەهۆی زوڵم و زۆرییەکانی ڕێژیمی زاڵ دەچەوسێنرێنەوە.

ئەوەیکە ڕوونە گەلانی زوڵملێکراوی ئێران چیدیکە ئامادە نین لەژێر سێبەری نەگبەتباری کۆماری ئیسلامیدا بژین و لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن بۆ خەسارگەیاندن بە گشتییەتی ئەم سیستمە و دەستوپێوەندییەکانی.