کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تواناییی کڕینی خەڵکی ئێران ٨٠ لەسەد دابەزیوە

13:12 - 24 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: کارناسانی ئابووری لە ئێراندا لەسەر ئەو باوەڕەن، کە لە هەشت مانگی ڕابردوودا بە هۆی دابەزینی نرخی دراوی ئێران، تواناییی کڕینی خەڵک ٨٠ لەسەد دابەزیوە.

کەمبوونەوەی نرخی دراوی ئێران لە درێژەی ئەمساڵدا، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ کاریگەریی لەسەر ئابووریی ئێران دادەنێت و کارناسانی ئابووری پێشبینی دەکەن، هەتا کۆتایی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاوی، هەڵاوسان هەتا سەروەی ٣٠ لەسەد بەرزتر دەبێتەوە.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووتە سنووری هۆشداری و گوشارەکان هەمووی لەسەر خەڵکی ئێرانە.

هەروەها، پاش کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام، بەشی بەرهەمهێنانی ئابووریی ئێران بە کشانەوی کومپانیا دەرەکییەکان لە ئێراندا تووشی قەیران بووە و هاوردەکردن و هەناردەکردن لەم وڵاتە بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار گەیشتووەتە کەمترین ئاستی خۆیەوە.

قەیرانی ئابووری لە ئێراندا گەیشتووەتە ئاستێک کە بناغەی ئابووریی ئەم وڵاتە بەرەو داڕمان دەچێت و گوشارەکان لەسەر خەڵکی ئێران سەد قات بوونەتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، نە خەڵکیان بۆ گرنگە و نە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە هەوڵ دەدەن، بەڵکوو تەنیا بەڵێنی درۆ بە خەڵک دەدەن.