کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیش ئایر چیدیکە لە تارانەوە بار ناگوازێتەوە

11:52 - 23 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کۆمپانیای ئاسمانیی تورکیش ئایر، خزمەتگوزاریی گواستنەوەی باری لە تارانەوە ڕاگرت.

ئەم کۆمپانیایە، ڕۆژی ٢٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی، بە فەرمی ڕایگەیاندووە، کە چیدیکە بارنامە لە تارانەوە وەرناگرێت.

سایتی کن نیوز، کە هەواڵە پێوەندیدارەکان بە پیشەی ئاسمانی و هەوانەوەردی ڕووماڵ دەکات، لە زاری  بەرپرسی کۆمپانیای تورکیش ئایرەوە نووسیویەتی: لە ڕۆژی سێشەممە، ٢٢ی خەزەڵوەرەوە، هیچ بارنامەیەکی وەرنەگرتووە و ئەمە بووەتە هۆی سەرلێشێواویی ئێمە و موسافێرە ئێرانییەکان.

 لە مانگەکانی ڕابردوودا، بریتیش ئایرویز، کەی ئێڵ ئێم و ئایرفرانسیش ، هاتووچۆی فڕۆکەکانی خۆیانیان بۆ ئێران راگرت، هەروەها کۆمپانیای ئەمارات ئایریش لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبرەوە سەفەری دوبەی ـ مەشهەدی ڕاگرتووە.

هۆکاری سەرەکیی پچڕاندنی پێوەندی لەگەڵ ئێران لە لایەن کۆمپانیا ئاسمانییەکانەوە بۆ وەگەڕخرانەوەی گەمارۆوەکانی ئامریکا دەگەڕێتەوە ؛ رێژیمی ئێران لە هێڵە ئاسمانییەکان بۆ گواستنەوەی چەکوچۆڵ بۆ ناوچەکانی تر وەکوو عێراق و سووریە کەڵک وەردەگرێت و بەم شێوە بووەتە سەرچاوەی ئاژاوە و بشێوی لە ناوچەکەدا.