کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تورکیە سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی ئێران نادات

11:07 - 12 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: بە هۆی نەدانی سووتەمەنیی بە فڕۆکەکانی ئێران لە لایەن تورکیەوە، سەفەری فڕۆکەیەکی ئێران پەکی کەوت.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز، بە هۆی ئەوەی کە فڕۆکەخانەی ئەستانبوول، ڕۆژی هەینی ١١ی خەزەڵوەر، لە دانی سووتەمەنی بە هێڵی ئاسمانیی ئێران خۆی بواردووە، سەفەری فڕۆکەیەکی ئێرانی هەڵوەشایەوە و هێندێ لە فڕۆکەکانی دیکە بە موسافیری کەمترەوە سەفەریان کردووە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز هەروەها باسی لەوەش کردووە، کە هێندێ لە فڕۆکەکانی ئێران، ڕێڕەوی خۆیان گۆڕیوە و ڕێژەی موسافێرەکانیان کەم کردووەتەوە، هەتا بتوانن بە سووتەمەنیی کەمترەوە درێژە بە سەفەرەکەیان بدەن.

کۆمپانیای تووپراشی تورکیە، گەورەترین کۆمپانیای دابینکردنی سووتەمەنیی فڕۆکە لەم وڵاتە، پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە هەتا کاتی ئاوارتەبوونی تورکیە لە ڕیزی گەمارۆوەکانی ئامریکا، لە دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکەکانی ئێران خۆ دەبوێرن.

هەر لەم پێوەندییەدا، هەواڵدەریی بلۆمبۆرگ، ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە، کە ئامریکا بەوەی ڕازی بووە، کە ٨ وڵات پاش گەڕانەوەی گەمارۆوەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بتوانن نەوت لە ئێران بکڕن، کە ناوی چوار وڵاتیان وەکوو: کورەی باشوور، هیندوستان، ژاپۆن و چین هاتووە، بەڵام ناوی ئەو چوار وڵاتەکەی دیکە ناڕوونە.

ئەگەرچی وەزیری وزەی تورکیە ڕایگەیاندووە، کە وڵاتەکەی لە پێوەندی لەگەڵ گەمارۆوە نەوتییەکانی ئامریکا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران چاوپۆشی لێ کراوە، بەڵام بەوەشەوە لە بەرەبەری خولی دووهەمی گەمارۆوەکان سووتەمەنی بە فڕۆکەکانی ئێران نادەن.

ئامانجی ئامریکا لە وەگەڕخرانی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران، بەسفر گەیاندنی کەرتی هەناردەی نەوتەکەیەتی، بەڵام لەبەر ئەوەی دەرفەت بە هێندێ وڵات بدات، هەتا جێگرەوە بۆ نەوتی ئێران ببینەوە، بۆ ماوەیەکی کاتی چاوپۆشی لێ کردوون.

عەبدولناسر همەتی، بەرپرسی گشتیی بانکی ناوەندیی ئێران، سەبارەت بە چاوپۆشیی ئامریکا لە چەندین وڵات بۆ کڕینی نەوتی ئێران، وتوویەتی: ئامریکا لە بەسفر گەیاندنی هەناردەی نەوتی ئێران بە هەر هۆیەک بێت، سەرکەوتوو نەبووە.

ئەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئێران، جگە لەوەی کە سیاسەت ئەو ڕێژیمە وەکوو سیاسەتێکی خەیاڵی و چەواشەکارانە نیشان بدات، هیچ مانا و واتایەکی دیکە هەڵناگرێت.