کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکان لە نەبوونی دەرمان دەناڵێنن

12:26 - 25 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: گرانبوونی نرخی دەرمان و دست نەکەوتنیان لە کاتی خۆیدا، تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکانی تووشی گرفت کردووە؛ نەخۆشان لەم بارەوە نیگەرانن و لە نەبوونی ئەم دەرمانانە دەناڵێن.

محەممەدی، نەخۆشێکی تووشبوو بە تالاسمییە کە لەم بارەوە دەڵێت: نەبوونی دەرمان لە ٥ مانگی ڕابردوودا لە پارێزگای سنە ئێمەی تووشی کیشە کردووە، پێشتر کێشەی لەم چەشنەمان نەبوو، بەڵام دۆخی شپرزەی ئابووریی ئێران و دۆخی نالەباری ئابووریی نەخۆشە تالاسمییەکان، دابینکردنی دەرمانی ئەستەم کردووەتەوە و کێشەی ئێمە دووقات بوووەتەوە.

لە لایەکی تریشەوە، خالد وەکێڵی، بەرپرسی ئەنجومەنی هێمۆفیلیی پارێزگای سنە، باسی لە کەمبوونی دەرمانەکانی ئەم نەخۆشییە کردووە و وتوویەتی: ١٣٦ کەسی تووشبوو بە هێمۆفیلی لەم پارێزگایەدا هەن کە دۆخی تەندرووستییان باش نییە و پێویستیان بە چاوەدێریی تایبەت هەیە.

وەكێڵی سەبارەت بە دۆخی ئابووری وتوویەتی: زیادبوونەوەی هەڵاوسان، نەبوونی بوودجه، گەمارۆ و زۆرێک لە کێشە ئابوورییەکان، لەسەر وەزارەتی بێهداشت، زانکۆی زانستی پزشکیی سنە و ئەو ڕێکخراوانەی کە بیمەی دەرمان ڕووماڵ دەکەن کاریگەریی نەرێنی دادەنێت و کێشە و گرفتی زۆریش بۆ تووشبووان بە نەخۆشییە تایبەتەکان دروست دەکات.

هەر لەم پێوەندییەدا، نادیا شەکیبا، پسپۆڕی ناوەندی شەکرە (دیابتـ)ـی نەخۆشخانەی تەوحیدی شاری سنە، باسی لە زۆربوونەوەی ئەم نەخۆشییە کردووە و ڕایگەیاندووە کە ١٠ لەسەدی حەشیمەتی ئەم پارێزگایە تووشی نەخۆشی دیابت بوونە، کە ئەم ڕێژەیە لەگەڵ ڕێژەی نێونجیی ئێران بەرانبەری دەکات.

"خوسرەوی کوردستانیـ"ـش لە بونیاتنەرانی ئەنجومەنی دیابت لە سنە لەم پێوەندییەدا، باسی لەوە کردووە کە پاش نەخۆشییەکانی دڵ و شێرپەنجە و ڕووداوەکانی دیکە، زۆرترین ڕێژەی مردن پێوەندی بە نەخۆشی دیابتەوە هەیە.

شپرزەبوونی دۆخی ئابووریی ئێران، بووەتە هۆی دروستبوونی کێشە بۆ خەڵک و زیار لە هەر شتێکیش گرانبوون و دەست نەکەوتنی دەرمانی نەخۆشییە تایبەتەکانی لێ کەوتووەتەوە، کە لەسەر ژیانی خەڵک کاریگەریی زۆری داناوە.