کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"تۆتاڵ" زانیارییەکانی نەوتی ئێرانی بەدەست هێنا

12:30 - 12 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: شیرکەتی "تۆتاڵـ"ـی فەرانسە کە لە بەشی پەرەپێدانی فازی ١١ی "پارسی باشوور"دا کار دەکات، زانیاریی نهێنیی چاڵە نەوت و گازییەکانی ئەو بەشەی ئێرانی بەدەست هێناوە.

لە کاتێکدا کە پەرەپێدانی فازی ١١ی "پارسی باشوور" دوای ١٨ ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە، شیرکەتی تۆتاڵی فەرانسە سەرجەم زانیارییەکانی بۆ "دوحە"ی وڵاتی قەتەر بردووە.

ئەو شیرکەتە فەرانسەوییە، لە بەشی گازی قەتەردا چالاکی دەکات و دوو ساڵ پێش توانی بە جێگای شیرکەتی "مێرسک" بەرهەمهێنانی نەوت لە پارسی باشووردا بە دەستەوە بگرێت.

 بەرپرسانی تۆتاڵ دوای چوونەدەرەوەی مێرسک، لەگەڵ کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران گفتوگۆیان کرد، بەڵام لەو گفتوگۆیەدا سەرجەم زانیارییەکان لەبارەی نەوتی ئەو بەشە ڕادەستی تۆتاڵ کرا.

هەواڵنێرێکی بەشی وزە ڕایگەیاندووە: "تۆتاڵ بە بیانووی پەرەپێدانی فازی ١١ی باشوور، هەندێک زانیاریی بەدەست هێنا کە دەوڵەتی قەتەر چەندین ساڵ بە دوایەوە بوو".

"بیژەن زەنگەنە"، وەزیری نەوتی ڕێژیمی ئێرانیش باسی لەو ڕووداوە کردووە و بە گاڵتەجاڕێکی تاڵ وەسفی کردووە.

کاربەدەستانی ڕێژیم وتوویانە: "بەدەستهێنانی زانیاری له ئێران لە گەورەترین مەیدانی هاوبەشی جیهانی، یەکێک لە گەورەترین ڕووداوە تاڵەکانە کە دواتر لێکەوتەکانی ئاشکرا دەبێت".

ساڵی ڕابردوو شیرکەتی تۆتاڵ لە ئێران کشایەوە و کاربەدەستانی ڕێژیم کشانەوەی تۆتاڵیان وەک کۆتایی فیلمێکی "زەجرئاوەر" وەسف کرد. 

تۆتاڵ یەکێک لە هەشت گەورە شیرکەتی نەوتیی جیهانە کە لە ساڵی ١٩٢٤ی زایینییەوە لە لایەن "ئێرنست مرسی ‌یر" دامەزراوە.

ئەو شیرکەتە لە بوارەکانی دەرهێنانی نەوت و گاز و بەرهەمهێنانی کارەبا، گواستنەوەی نەوت، پاڵاوگە، دۆزینەوەی بازاڕ بۆ نەوتی خاو و گازی سروشتی، چالاکە.