کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆزوخۆڵ قوتابخانەکانی کوردستانی داخست

11:13 - 5 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: به هۆی هاتنی تۆزوخۆڵ و ڕێژەی خەستییەکەی قوتابخانەکانی شاری سەردەشت داخران.

بە هۆی پیسبوونی کەشوهەوا و زۆربوونی تۆزوخۆڵ، دۆخی شاری سەردەشت نالەبارە و ڕێژەی گردیلەکانی تۆز ١٠ قات زیاتر لە ئاستی ستانداردە و بەو هۆیەوە ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٥ی خەزەڵوەر، سەرجەم قوتابخانەکانی شیفتی بەیانانی ئەو شارە داخراون.

وردیلەکانی تۆزوخۆل، سەرچاوەی دەیان جۆر نەخۆشی بە تایبەت شێرپەنجەیە و بە وتەی پزیشکەکان، نەخۆشیی شێرپەنجە لە پارێزگاکانی کوردستان بە تایبەت ئیلام، بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو ڕووی لە زیادبوون کردووە.

بەڕێوەبەریی نەشیاوی ژینگەپارێزی، یاسا و پلانی نادرووست لەژێر ناوی گەڵاڵەی پەرەپێدانی ٥ ساڵە، گوێ نەدان بە کارناسان و پسپۆڕان، چالاکانی مەدەنی و  NGO، هەمووی بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ژینگە بەرەو لەناوچوون بچێت، بە چەشنێک ئێران لە ڕیزبەندی پلەی ژینگەپارێزی، وەک؛ فرەچەشنیی ژینگەیی، سەرچاوە ئاوییەکان و کارکردی تەندرووستی خەراپترین پلەی هەیە.

گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزبوونەوەی پلەی هەوا، دابەزینی باران و هەندێک لە پڕۆژەکانی ئاوادانکردنەوە و کەمتەرخەمی نیسبەت بە ڕێساکانی ژینگە، کێشەی کەمئاوی و وشکبوونی زۆنگەکان لە دروستبوونی وردیلەکانی تۆزوخۆڵدا کاریگەری دادەنێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، قوتابخانەکانی شاری بۆکان و سەقزیش شیفتی دوانیوەڕۆ به هۆی تۆزوخۆڵ داخراون و بڕیارە سبەی قوتابخانەکانی شاری مەهابادیش دابخرێن.