کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٢ تۆن گەنمی پیس، دەستی بەسەردا گیرا

13:48 - 29 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی گەندەڵیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لە شاری بۆکان، ٢٢ تۆن گەنمی پیس دەستی بەسەردا گیراوە کە "ئەسپێـ"ـی هەیە.

لە دوای سکاڵا و ناڕەزایەتیی خەڵک و هەروەها ناڕەزایەتیی نانەواکان لە ئاستی شاری بۆکاندا، دەرکەوت کە کارخانەکانی ئاردی ئەو شارستانە گەندەڵییان کردووە.

دوای نموونەبەرداری لە باری گەنمی یەکێک لە کامیۆنەکان دەرکەوتووە کە ٢٢ هەزار و ٣٩٠ تۆن گەنم "ئەسپێـ"ـی هەیە.

ئەوە یەکەم حاڵەت نییە کە باس لە گەنم و ئاردی پیس لە کوردستان دەکرێت، لە ماوەی ڕابردوودا نانەواکانی شاری شنۆ له گرتە ڤیدیۆیەکدا بڵاویان کردەوە کە ئاردەکە کا و خۆڵی لەگەڵ تێکەڵە.

هاوکات لە سەرەتای مانگی خەرمانانی ئەمساڵەوە لە شاری میاندواو، ئەمبارێکی گەنم دۆزرایەوە کە گەنمەکەی لەگەڵ خیز تێکەڵه.

لەو پێوەندییەدا لە پارێزگای گوڵستان چەندین پێرسۆنێلی سیلووی گەنمی ئەو شارە بەهۆی ئەوەیکە پیسایی ئاژەڵانیان لەگەڵ گەنم تێکەڵ کردبوو، دەسبەسەر کران.

نەبوونی چاودێری بەسەر بەشی کشتوکاڵ دەبێتە هۆی ئەوەیکە کارەساتی لەم چەشنەی لێ بکەوێتەوە و کەسانی هەلپەرست بە قازانجی خۆیان کەڵکی لێ وەربگرن.