کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆپبارانی شاخەکانی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە بەردەوامه

11:55 - 16 خەرمانان 2718

کوردستا میدیا: فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاوی کردەوە کە سپای تێرۆریستیی پاسدارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەردەوامە لە تۆپباران کردنی شاخ و کێوەکانی کوردستان.

 فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای کردەوە، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی هێزە دژی گەلییەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ جارێکی دیکە بە تۆپ، کاتێۆشا و خومپاره ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووریان بە توندی کردووەتە ئامانج.

 بەپێی ڕاپۆرتی فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆپخانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناوچەکانی سیدەکان و چۆمانیان بە چڕی تۆپباران کردووە کە لەئەنجامدا زیانێکی ماددی زۆر بەر مەزار و مووچەی دانیشتوانی ئەو دەڤەرە کەوتووە.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە تۆپخانەکانی ڕێژیمی ئێران لە تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامن.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان شەوی ڕابردوو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە کە ئەم کردەوە دژی گەلییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستان لە مەیداندایە؛ بەڵام ڕێژیم هێزی دژی گەلیی خۆی بەبەردەوامی لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە بەکار هێناوە.