کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیشکی گەلاوێژی دێموکرات چاوی نەیاران کوێر دەکات

12:54 - 19 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: ئەندام و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بۆ جارێکی دیکە و بە بۆنەی بەرزڕاگرتنی یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٧ی گەلاوێژ، بەرزەفڕانی دێموکرات لە ئاویەری دێرین، بە ئەنجامدانی چالاکیی بەرینی تەبلیغی و بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت، بە پیریی ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە چوون.

ئەو شوێنانەی چالاکیی لێ ئەنجام دراون بریتین لە: "شەقامی وەکێڵ و پێش دووکانەکانی، شەقامی سەفەری و گەڕەکی بێهزیستی، گەڕەکی ڕێزان، مەیدانی ئیقباڵ، قەرارگای ئوستانیی شارامفەڕ، کەڵانتەریی ١٥ و ١٧ی بنکەی عەمەلیاتیی لەشکەری ٢٨ی پیادەی کوردستان، سپای بەیتولموقەدەسی پارێزگای سنە، کۆمەڵگەی وەرزشیی ٢٢ی گوڵان، دادگوستەریی گشتیی پارێزگای سنە، شۆرای ئیسلامیی شاری سنە، ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی سنە، زانکۆی علووم پزیشکی، لەشکەری عەمەلیاتیی ٢٢ی بەیتولموقەدەس".

هەروەها لە شوێنگەلێکی دیکە وەک: "دەفتەری جەزب و ئەندامگیریی هێزی زەوینیی ئەرتەشی ڕێژیم لە پارێزگای سنە، تاقیگەی فەنی و میکانیکیی خاک، شارەک سەنعەتیی ژمارە ١" و لە  شارۆچکە و گوندەکانی: "ئاساوڵە، قار، دووشان، کانی کوچک، گەرمییەر، باوەرێز، نایسەر، خڵیچیان، گزەردەرە و تازاوای قەرەگۆل"، پەیامی گەلاوێژی دێموکرات و ڕابوونەوەی خەباتیان گەیاندە بست بە بستی سنەی دێموکرات.

هەر لەو پێوەندییەدا و لە چوارچێوەی چالاکییەکانی ٢٥ی گەلاوێژ، نیشتماندۆستانی دێموکرات لە بانەی سەربەرزەوە، بە ئەنجامدانی چالاکی، یادی ئەو ڕۆژەیان بەرز ڕاگرت.

تێکۆشەرانی دێموکرات لەو چالاکییەدا کە لە "بلواری کوردستان، گوڵشار و جادەی سلێمانی" ئەنجام درابوو، دروشمگەلێک وەک: "بژی ڕاسان، بژی حدکا، ٢٥ی گەلاوێژ پیرۆز"ـیان نووسییەوە و هەروەها لە "کانیسوور"ی بانە بە نووسینی دروشم، ئەمەگداریی خۆیان بە حیزبی دێموکرات دەربڕی.

هەروەها جامانە لە ملانی دێموکرات لە گوندی "کەڵەکین"، سەر بە ناوچەی "بەربنە"ی پیرانشار، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە یادی ٧٤ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، یادی گەلاوێژی دێموکراتیان بەرز ڕاگرت.

ڕۆژی پێنجشەممەش، ١٧ی گەلاوێژ، خاکیپۆشانی مەتەرێزی شار لە شنۆی حەماسەوە، بە ئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی، نیشتمانیان بە ڕەنگی گەلاوێژی دێموکرات ڕازاندەوە.

لەو چالاکییەدا، دروشمگەلێک وەک: " بژی حیزبی دێموکرات، بژی پێشمەرگە، پیرۆز بێت ٢٥ی گەلاوێژ"،  نووسرایەوە وهەروەها ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەڵکرا.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی لێ ئەنجام درابوو بریتی بوون لە: "شەقامی ئیمام، چوارڕێیانی کرێکار، فەلەکەی گێلاس، پارکی شێخ عەبدولعەزیز، مەنبەعی ئاوی شنۆ، ڕەحیم ئاوا، سەیداوێ، میراوا، ئاپارتمانی سازمانی، شارەکی فەرهەنگییان، تەڕەباری میوەی شاری شنۆ، مەدرەسەی شەبانەڕووزی، دانشگای پەیامی‌نووری شنۆ، قوتابخانەی ڕەسووڵیان و دەوروبەری و چەندین شوێن و شەقامی دیکە".