کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیمێکی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێران بە ئێعدام مەحکووم کرا

11:52 - 18 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: عەرەبستانی سعوودی، چوار ئەندامی تیمێکی تێرۆریستیی ڕێژیمی ئێرانی، بە ئێعدام مەحکووم کرد.

هەواڵدەرییەکانی سعوودییە بڵاویان کردووەتەوە، دادگای  تایبەتی جەزایی عەرەبستانی سعوودی، ٤ ئەندامی تیمێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانی بە ئێعدام مەحکووم کردووە.

ئەو ٤ کەسە تێرۆریستەی ڕێژیمی ئێران، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ڕێژیم و ڕاهێنان لە پادگانەکانی سپای پاسداراندا بە ئێعدام مەحکووم کراون.

دادگای تایبەتی جەزایی سعوودییە بڵاوی کردووەتەوە، کە ئەو کەسانە بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی چەک و مەوادی تەقینەوە لە لایەن ڕێژیمی ئیرانەوە ڕاهێنانیان پێ کراوە.

لە درێژەی ڕاپۆرتی دادگای تایبەتی جەزایی سعوودییەدا هاتووە، ئەو ٤ کەسە ویستوویانە بە دانانی بۆمب کاری تێرۆریستی لە عەرەبستان ئەنجام بدەن.

بەرپرسانی وڵاتانی عەرەبی، بەردەوام باس لە دەسبەسەرکرانی تاقم و گرووپی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە وڵاتانی خۆیان دەکەن.

دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران، بەردەوام ناکۆکی و نیگەرانیی وڵاتانی ناوچەکەی لێ‏ کەوتووەتەوە و بەردەوام هۆشداریان بەو ڕێژیمە داوە، کە دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتانەدا نەکات، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە کە خامنەیی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە: "ئێمە بەردەوام پشتیوانی لە خەڵکی ئەو وڵاتانە و یەک لەوانە بەحرەین دەکەین، کە ئەوەش ناڕەزایەتیی توندی بەرپرسانی ئەو وڵاتەی لێ‏کەوتووەتەوە".