کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تیڤییەکی ئیسرایل، یەکێک لە هۆکارەکانی کشانەوەی هێزەکانی ئامریکای لە سووریە ئاشکرا کرد

12:22 - 2 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: تەلەفزیۆنی "نیشتمانیـ"ــی ئیسرایل، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، کە پلانێکی تێرۆریستیی سپای پاسداران، بوو بە هۆکاری سەرەکیی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئامریکا لە وڵاتی سووریەدا.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕادیۆ دەنگی ئیسرایل، تەلەفزیۆنی "نیشتمانیـ"ـی ئیسرایل ڕایگەیاندووە، کە هۆکاری سەرەکیی بڕیارەکەی "دانڵد ترامپ" سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە سووریەدا، زەنجیرە پلانێکی تیرۆریستیی فەرماندەییی لقی قودسی سپای تێرۆریستیی پاسداران لە هەمبەر سەربازە ئامریکایییەکان لە وڵاتی سووریەدا بوو.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە: زەنجیرە پلانێکی تێرۆریستیی سپای پاسداران و فەرماندەییی لقی قودس لە وڵاتی سووریە دژبە سەربازەکانی ئامریکا، بوو بە هۆکاری نیگەرانی "دانڵد ترامپ" و بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە سووریە دەرکرد.

فەرماندەکانی سپای پاسداران بە مەبەستی کوشتن و تیرۆرکردنی سەربازەکانی ئامریکا، زەنجیرە پلانێکی تیرۆریستییان داڕشتووە تاکوو ببێتە هۆکاری شکاندنەوە و سووکایەتیکردنێکی زۆر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا.

لەم بارەوە تەلەفزیۆنی "نیشتمانیـ"ـی ئیسراییل، بەبێ ئاماژەکردن بە سەرچاوەی هەواڵەکەی ڕایگەیاندووە، کە مەبەستی هەرەگرنگی ڕێژیمی ئێران لەو زەنجیرە پیلانە تیرۆریستییە دژ بە سەربازە ئامریکایییەکان لە وڵاتی سووریە، تۆڵەکردنەوە لە جێگربوونی هێزەکانی ئامریکا لە وڵاتی عێراقدایە، لەسەر ئەو پیلانە تێرۆریستییەی سپای پاسداران کاربەدەستانی ویلایەتە یەکگرتووەکان زانیاریی زۆرتریان بە بەرپرسانی ئیسرایل داوە.

تاکوو ئێستا سەرچاوە هەواڵدەرییەکانی ئامریکا ئەو هەواڵەیان پشتڕاست یان ڕەت نەکردووەتەوە و بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لەم بارەوە هیچ زانیارییەکیان بڵاو نەکردووەتەوە.