کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرمیناڵی شاری مەهاباد، چاوەڕوانی بڕیاری شارەداریی ڕێژیمه

12:17 - 22 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کەمتەرخەمیی بەرپرسانی شارەداریی شاری مەهاباد، بەرۆکی تێرمیناڵی ئەو شارەی گرتووەتەوە و لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما، موسافیران لەگەڵ کێشەی جیددی بەرەوڕوو دەکاتەوە.

شارەداریی شاری مەهاباد ماوەیەک پێش، نۆژەنکردنەوەی تێرمیناڵی شاری مەهابادی دەست پێکردبوو و لە بەرنامەیەکدا شوێنی چاوەڕوانیی موسافیرانیان خستبووە بواری جێبەجێ کردنەوە.

 ئەو شوێنە بۆ ئەو مەبەستە دروست کراوە هەتاکوو گەورەتری بکەنەوە و سیمایێەکی جوانی پێ ببەخشن؛ بەڵام بەپێچەوانە نەک هەر ئەو پرۆژەیە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو ئەو شوێنەشیان کردووەتە چەند دوکانێک و دەیانهەوێت بەکرێی بدەن.

پێرسۆنێلی تێرمیناڵی شاری مەهاباد هەتا ئێستا چەندین جار نامەیان بۆ شارەداریی ئەو شارە نووسیوە و داوایان کردووە کە کێشەکە چارەسەر بکەن، بەڵام وڵامیان پێ نەدراوەتەوە.

شارەداریی شاری مەهاباد، بەنیسبەت ئاوەدانکردنەوەی شاری مەهاباد کەمتەرخەمە و هاووڵاتییان لەبارەی کەمکاریی ئەو ئیدارەیەی ڕێژیم و کاربەدەستەکانی، بەردەوام ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

لەو پێوەندییەدا، هاووڵاتییانی شاری مەهاباد به دانانی "کامران فاتح" وەک شارەداریی ئەو شارە ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ناوبراو پێشتر لە شارەداریی پیرانشاردا گەندەڵیی کردووە و یەکێک له مۆرەکانی ڕێژیمی ئێرانه.