کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێرۆریزم، کورد و مرۆڤ‌خۆشەویستی

18:24 - 20 بانەمەڕ 2719

بێهزاد قادری

لە دونیای پڕ لە ململانێ و شەڕ و ئاژاوەی ئەمڕۆدا، بازاڕگەرمییەکی باش تووشی ماڵپەڕ و تی‌ڤی و ڕۆژنامەکان بووە! هەر هەواڵێک کە خوێنی زۆرتری لێ بتکێت و سەری زۆرتری لێ بپەڕێت و منداڵی زۆرتری لێ بکوژرێت، بینەر و بیسەری زۆرترە و ڕاشکاوانەتر بڵێم: وەها ڕاهاتووین کە کوشتنی مرۆڤ لە لامان ئاساییتر بووەتەوە و بە دیتنی ئەو هەمووە وێنە دڵتەزێنە، لە مەرگی هیچ کەسێکیش سڵ ناکەین! بەڕاستی چی بەسەر مرۆڤدا هاتووە؟! ڕەنگە هیچ شتێکیش بەسەر مرۆڤدا نەهاتبێت و ئێمە هەر ئەوەی بین کە پێشتر بووین و بڕیارە لە داهاتوویشدا ببین! پرسیار زۆرە و مرۆڤایەتی لەژێریدا پەل دەکوتێت، بەڵام ئایا ئێمە دەبێ بڕوامان بە وشەیەکی بە ناوی "مرۆڤایەتی" هەبێت؟!

پێشتر، شەڕ و ئاژاوە بە زۆرترین ڕێژە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین و وڵاتە ئەفریقاییەکاندا دەبینرا، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لای لە ئورووپایی و ئەمریکاییەکانیش کردووەتەوە! لە تەقینەوەوە بگرە تاکوو کوشتنی خەڵک بە چەک و چەقۆ؛ تەنانەت چەند هەنگاوێکیش مەترسیدارتر بووەتەوە و ئەویش پان‌‌کردنەوەی خەڵکە بە ماشینی بارهەڵگرەوە! واتە، کەس لە مەترسیی مەرگ، لە ئەماندا نییە و لە هەموو وڵاتێکدا، مرۆڤ بووەتە هۆکاری سەرەکیی مەرگی مرۆڤ! کام نەخۆشینی سروشتی و کام هۆکاری مەترسیداری نێو سروشت و کام ئاژەڵی دڕندە، ئەوەندەی مرۆڤی بە مرۆڤ کردووە و دەیشیکات؟!

لە ئێستادا و لە سەردەمی پێشکەوتن و دونیای دیجیتاڵ و پەیوەندییە ئێنترنێتییەکاندا، چ لە دونیای ڕاستی و چ لە دونیای مەجازیدا، کەسانێک هەن کە توندوتیژی و کوشتاریان کردووەتە پیشەی خۆیان و لەنێو کۆمەڵانی خەڵکدا، هەم بیری توندڕەوی و هەم بیری ڕق و بێزارییان زەق کردووەتەوە!

"سپای تێرۆریستی پاسداران"، یەکێک لە تیلترین و زەقترینی ئەو دیاردانەیە کە کارەساتگەلێکی وەهای خوڵقاندووە، کە برینەکانی بۆ هەمیشە لەسەر جەستەی مرۆڤایەتی و مێژوودا دەمێنێتەوە. ئەو وایرۆسەی کە هەر وەکوو داعش، زۆربەی وڵاتانی جیهانی لە بوونی خۆی وەزاڵە هێناوە و هەر جارە و لە وڵاتێکدا قوربانیی خۆی دەگرێت و هەنووکە بە گەورەترین ڕێکخراوی تیرۆریستیش ناسراوە؛ ئەو وایرۆسەی کە ڕێک لە بنەگوێی کورددا هێلانەی هەیە!

کورد، جگە لەوەی کە یەکێک لە گەورەترین قوربانییەکانی هێرش و تێرۆرەکانی سپای تێرۆریستی پاسداران بووە و بە هەزاران قوربانی و شەهیدی پێشکەش کردووە، لە هەمان حاڵدا، بە دەیان قاتی لەم چەکدارانە کوشتووە و حاشاهەڵنەگر ئەوەیە کە کورد گەورەترین زەبری لەم ڕێکخراوەیەش داوە و نموونەی بەرچاوی زۆری لە مێژوودا تۆمار کراوە. نەتەنیا ئەوەی کە کوردانی مافخواز لە ڕۆژهەڵاتدا، ٤۰ ساڵە شەڕی تێرۆریستانی ڕەشبیری پاسداران دەکەن، بەڵکوو نوێنەری ئەو ئاڵا سپییەیشن کە دژی توندڕەوی و دڕندایەتی و کوشتاری بێڕەحمانەی خەڵکی سڤیلە.

لەم پەیوەندییەدا، پێشتر حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، ئاماری ئەندامانی تێرۆرکراوی خۆی لە سەرەتای هاتنە سەرکاری حکوومەتی ئێران تا ئێستا بڵاو کردەووەتەوە. لەو لیستەدا ناوی ٣٤٢ ئەندامی حیزبی دێموکرات هاتووە، کە لە لایەن ئۆرگانە ئەمنییەتی – نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەرێمی کوردستان و ئورووپا، تێرۆر کراون. بەپێی ئەم لیستە، تێرۆری ئەندامانی حیزبی دێموکرات، لە ساڵی ٥٩وە دەستی پێکردووە و "سەرگورد عەباسی" یەکەمین ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بووە، کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کراوە.

ڕێژیمی ئێسلامیی ئێران، وەک ڕێژیمێكی تێرۆریست و پاڵپشتی تێرۆریزم، لە ڕووی فكرییەوە بۆ جێبەجێكردنی سیاسەتەكانی، باوەڕی بە تێرۆر هەیە. هەر بۆیە هیچ كات لە تێرۆری دژبەرانی خۆی و بەتایبەت كادر و پێشمەرگەی حیزبی دیمۆكرات سڵی نەكردووە و ئەو سیاسەتەی هیچ گۆڕانێكی بەسەردا نەهاتووە.

ڕێژیمی ئێران، جگە لە تێرۆر، لە ئێعدام‌کردنیشدا، بەپێی ڕێژەی حەشیمەتەکەی، قسەی یەکەمی جیهان دەکات و ئەم ئێعدامانە بەتەواوی دژی مرۆڤایەتییە. بەپێی ئامارەکان، لە نێوان ساڵەکانی ٢٠٠٥ تا ٢٠١٧ی زایینیدا لە ئێران ٦٦٠٠ کەس ئێعدام کراون! ئێعدامێک کە لەگەڵ قەتڵی بەئەنقەست هیچ جیاوازییەکی نییە. هەرچەند ڕێژەی ئامارەکە زۆرتر لەوەیە و ڕێژیم بە نهێنی جێبەجێیانی کردووە، هەر وەک ئەو چالاکییە تێرۆریستییە نهێنییانەی کە لە دەرەوی وڵاتدا بە کەڵک وەرگرتن لە "سپای قودس"وە، کردوویە و دەیکات.

ئەم کوشتارانە هەمووی لە لایەک! ڕێژیمی ئێران لە بواری نیزامی و ماڵیدا، گەورەترین ڕێژیمی پشتیوانی تێرۆریزمە. پشتیوانی لە سەدان گرووپی میلیشیایی و تێرۆریستی لە سەرتاسەری جیهاندا دەکات. بۆ ڕێژیمی ئێران گرنگ نییە کە وڵاتانی جیهان بۆ شەڕ و بنەبڕکردنی گرووپە تێرۆریستییەکان چەندە خەرج دەکەن، چونکە گرووپێکی دیکە دروست دەکات.

جەوهەرییەتی ڕێژیمی ئێران و ئیدیۆلۆژییەکەی، بۆ هیچ کەس نامۆ و نەهێنی نییە و بۆ هەموو دونیا ڕوونە کە کردەوەکانیان بە تەواوی دژی کورد، مرۆڤایەتی و مافەکانی مرۆڤە. بەدڵنیاییەوە لە هیچ کوێی دونیا، دەنگی ئەرێ نادرێتە سێدارە و سەنگسار و جەستە سەقەت کردن؛ هەروەها ڕوونتر لەوە ئەوەیە کە کورد یەکەم گەل بووە لە دژی ئەم ڕێکخراوەیە و کردەوە قیزەونەکانی لە خۆی هەڵوێستی پیشان داوە و مافەکانی مرۆڤی کردووەتە سەرچەشنی هەڵسوکەوتی خۆی و بۆ پارێزگاری لە جەوهەرییەتی ڕاستەقینەی مرۆڤایەتی و پاراستنی خەڵکی بێتاوان و خاکی نیشتمانێکی زوڵم‌لێکراو، ناچار بە هەڵگرتنی چەکی ڕەوا و حەق بووە؛ بۆیە بەدڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە: کورد مرۆڤ‌خۆشەویستە.

مرۆڤ‌خۆشەویستیی کورد لەو چەند دێڕەدا سنووردار ناکرێتەوە و بە سەدان بەڵگە لەبەر دەستە و ئەو بەڵگانە هەمووی لەبەر چاوە. هەروەها دەتوانین سەیری ڕەفتاری پێشمەرگەکانی دێموکرات لەگەڵ دیلەکانی بکەین و بەپێچەوانەیشەوە سەیری دیلەکانی دەستی سپای تێرۆریستی پاسداران بکەین!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.