کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١٤ تێرۆریستی ڕێژیم کەوتنە داوی "جەیشولعەدڵ"

12:09 - 24 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێکخراوی جەیشولعەدڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد لە عەمەلیاتێکی سەرکەوتووانەدا توانیویەتی دەست بەسەر پایگایەکی هێزە دژەگەلییەکانی بەسیج لە شارستانی میرجاوەدا بگرێت.

بەپێی هەواڵێک کە ئەم رێکخراوە لە کاناڵی تێلێگرامی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە، هێزە چەکدارەکانیان ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەر بە ئەنجامدانی سەرکەوتووانەی عەمەلیاتێک توانیویانە دەست بەسەر پایگایەکی بەسیجدا بگرن و ١٤ کەس لە بەسیجی و پاسدارەکانی ئەم پایگا دەسبەسەر بکەن.

بەپێی ئەم هەواڵە ٧ کەس لە دەسبەسەرکراوان هێزی بەسیجی گەڵاڵەی ئەمنیەت بوون، ٥ کەسیان سەر بە هەنگی سنوری میرجاوە بوون و ٢ کەسەکەی تریش سەر بە هێزە ئیتلاعاتییەکانی سپان کە لە نێوان کاتژمێر ٤ تاکوو ٥ی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ گیراون.

نەتەوەکانی ئێران بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی ئێران، لەژێر زەخت و گوشاری دەسەڵاتبەدەستاندا بوون و جیا لە بێڕێزییە سیستماتیکەکانیان بەم نەتەوانە داگیرکەران هەوڵی بەتاڵانبردنی بەردەوامی سەرچاوە ژێرزەوینی و ڕووزەوینییەکانیان داوە.

لە سەردەمی کۆماری ئیسلامیدا ئەم سیاسەتە دژە مرۆییە لە ڕێگەی سپای پاسداران و بەسیج و ئیتلاعاتەوە ئەنجام دراوە کە نەخش و دەوری باسکی سەرکوت و کوشتاری نەتەوەکانی ئێرانیان لە ئەستۆ بووە.