کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی خوێندن لە ئێران بنەماڵەکانی تووشی کێشە کردووە

12:53 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: خوێندنی بێبەرانبەر لە ئێراندا هیچ واتایەکی نەماوە و دابینکردنی تێچووی خوێندن گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر بنەماڵەکان.

بە نزیکبوونەوە لە دەسپێکی خوێندنی ساڵی نوێ، قوتابییان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ دەستپێکردنی خوێندن و چاوەڕوانن کە بنەماڵەکانیان هەموو پێداویستییەکانی خوێندنیان بۆ دابین بکەن، بەڵام بنەماڵەکان لەم بارودۆخە ئابوورییەی ئێران زۆرترین گوشاریان لەسەرە و لەم کاتەی لە ساڵ ئەستەمترین ڕۆژەکانیان تێپەڕ دەکەن.

گرانیی بازاڕی تێنووس و پێنووس لەم ڕۆژانەدا باسی سەرەکیی کۆمەڵگای ئێرانە و ڕخنە و ناڕەزایەتیی خەڵک لە زیادبوونی نرخی کەلوپەلەکانی خوێندن لە سەرەکیترین باسەکانە و بنەماڵەکان توانای کڕینیان لە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو ٥٠ لەسەد کەمی کردووە و نرخی تێنووس و پێنووس ٢٠ لەسەد زیادی کردووە.

فرۆشیارانی تێنووس و پێنووس لە ئێراندا، باس لەوە دەکەن کە بنەماڵەکان توانای کڕینیان نەماوە و ئەگەر ساڵی ڕابردوو دەیانتوانی ١٠ تێنووس بۆ منداڵەکەیان بکڕن، ئەمساڵ ناتوانن ٥ تێنووسیش بکڕێن و بەرپرسی یەکیەتیی کتێب و پێنووس و تێنووسی پاریزگای فارس، لەو پەیوەندییەدا ڕایگەیاندووە، کە نرخی پێنووس و تێنووسی بەرهەمی نێوخۆیی ٣٠ لەسەد زیاد بووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە، ٤٠ لەسەدی پێنووس و تێنووس بۆ ئێران لە چین هاوردە دەکرێت و زۆربەی بازرگانەکانی پێنووس و تێنووس لە تارانن.

بەگشتی قەیرانی ئابووری لە ئێران و مافیای بەرپرسانی ڕێژیم لە هاوردەکردن و بەرهەمهێنانی پێنووس و تێنووس و دابەشکردنی لە نێو بازاڕدا بووەتە هۆی ئەوەی کە خەون و خەیاڵی منداڵان بۆ پێنووس و تێنووسەکانیان و قوتابخانە بەدی نەیەت.

لە لایەکی دیکەشەوە، سەرپەرەستی بنەماڵەکان بە هۆی ناتوانیان لە دابینکردنی کەلوپەلەکانی خوێندن بۆ منداڵەکانیان نیگەران و دڵشکاو بن.

سەرەڕای ئەو کێشە و گرفتانە، ڕێژیمی ئێران نەتەنیا بۆ کونتڕۆڵکردنی بازاڕی پێنووس و تێنووس هەوڵ نادات، بەڵکوو بە نەپاراستنی یاساکانی خوێندنی بێبەرانبەر لە ئێراندا بەپێی ئەسڵی ٣٠ یاسای بنەڕەتی، بارودۆخی کۆمەڵگا و وەزارەتی پەروەردەی لەگەڵ قەیران بەرەوڕوو کردووە.

بنەماڵەکان کە بە ئەستەم پێداویستییەکانی خوێندن بۆ قوتابییان دابین دەکەن، قوتابخانەکانیش بە وەرگرتنی پارە کێشەکانیان دوو قات کردووەتەوە و بە بیانووی جیاواز بۆ ناونووسین، شەهرییەی مانگانە، یارمەتی قوتابخانە، نۆژەنکردنەوە و...هتد، پارە لە بنەماڵەکان وەردەگرێن و تەنانەت هەڕەشە دەکەن، کە ئەگەر ئەو پارانە نەدەن منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش دەکرێن.

وەزارەتی پەروەردەی ڕێژیم، بە فەرمی لەسەر وەرگرتنی تێچووی خوێندن لە قوتابخانەکان هیچ لێدوانێک نادات و لە لایەکی دیکەشەوە وڵامی سکاڵای بنەماڵەی قوتابییان لەسەر قوتابخانەکان لە لایەن دەزگا پەیوەندییدارەکانەوە نادرێتەوە.

ئەو بارودۆخەی کە ڕێژیم بەسەر خەڵک سەپاندوویەتی وای کردووە، کە کۆمەلگای ئێران بیر لە تێچووی خوێندن و بایەخی بڕوانامەکان بکات و بە بیرکردنەوە لە داهاتووی منداڵەکانیان کە پاش تەواوکردنی خوێندیش هەر لە قەیراندان و بێکارن، بەشێک لە بنەماڵەکان منداڵەکانیان لە خوێندن بێبەش دەکەن و دەیاننێرن بۆ کارکردن هەتاکوو داهاتووییەکیان هەبێت.