کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی هەر قوتابییەک بۆ دەسپێکی خوێندن زیاتر لە ٨٠٠ هەزار تمەنە

11:01 - 7 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: لە ساڵی خوێندنی نوێدا و لەپاڵ خراپیی دۆخی ئابووری، هەر بنەماڵەیەک بۆ دابینکردنی پێویستی و کەلوپەلی منداڵەکانیان بۆ خوێندن، دەبێ لانیکەم ٨٠٠ هەزار تمەن خەرجی بکەن.

دەسپێکی خوێندنی ئەمساڵ لە دۆخێکدایە کە لە هەموو لایەکەوە خەڵکانی وڵاتی ئێران لەگەڵ گرانی و دۆخێکی قەیراناویی ئابووری بەرەوڕوون. کەرتی خوێندنیش هەر وەک هەموو کەرەتەکانی تر لە سێبەری ئەم دۆخە نالەبەرە لەگەڵ کێشە بەرەوڕووبووە کە تێیدا، تەنیا قوربانییەکان، بنەماڵە و قوتابییانن.

هەر قوتابییەک بۆ دابینکردنی کەلوپەلەکانی نووسین، وەک قەڵەم و دەفتەر، پێویستی بە ١٠٠ هەزار تمەنە، هەروەها نرخی کڕینی کتێب لە چاو ساڵی ڕابردوو ١٠ لەسەد و کرێی هاتوچۆی قوتابییان ٢٥ لەسەد زیادی کردووە.

نرخی هەندێک لە پێداویستی و جلوبەرگی فۆرمی قوتابخانەش بەم شێوەیەیە: "١٢ دانە قەڵەمی ئێرانی ١٤ هەزار تمەن، ٥ دەفتەری ٤٠ پەڕی ١٧٥٠٠ تمەن، دەستەیەک قەڵەم ڕەنگی ٢٥هەزار تمەن، ٥ دانە خودکار ٤٠ هەزار تمەن، جلوبەرگی فۆرمی قوتابخانە ١٠٠هەزار تمەن، جانتای قوتابخانە ١٥٠ هەزار تمەن و جلوبەرگی وەرزشی ٢٠٠ هەزار تمەن".

بە لەبەرچاوگرتنی ئەم تێچووانە و باقیی تێچووەکانی دیکە، هەر بنەماڵەیەک دەبێ لانیکەم ٨٠٠ هەزار تمەن بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەو بڕە پارەیەش کە خۆی لە نێوانی ١٥٠ هەزار تمەن هەتا ٢٠٠ هەزار تمەندا دەبینێتەوە، لەسەرەتای ساڵی خوێندندا خەرج بکات و هەندێک لەم کەلوپەل و پێداویستییانەش دەبێ لە ماوەی ساڵی خوێندندا چەند جارێک بکڕدرێن.