کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووەکانی ژیان بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە

12:42 - 5 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: تێچووەکانی ژیانی ڕۆژانە بۆ خانەوارەکانی ئێران ڕەوتێکی خێرای بەرەو هەڵکشان و بەرزبوونەوەیان بۆ خۆیان تۆمار کردووە و هاووڵاتییانیش بەرپرسانی حکوومەتی و سیاسەتە هەڵە ئابوورییەکانی رێژیم بە هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە دەزانن.

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی ئاماری ڕێژیم خانەوارە شارنشینەکان لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا بەشێوەی نێونجی ٣٧/٤% زیاتر لە سەرماوەزی ساڵی ٩٦ بۆ کڕینی پێداویستییە ڕۆژانەکانیان تێچوویان داوە.

هاوکات بەپێی ڕاپرسییەک، ٧٣%ی خەڵکی ئێران پێیان وایە هۆکاری سەرەکی دۆخی داسەپاو بەسەر ژیانیان، لاوازی لە بەڕێوەبەری و سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم لە باری ئابوورییەوەیە.

هەواڵدەریی تەسنیم سەر بە سپای پاسداران لە خشتەیەکدا دوایین نرخی میوە، دانەوێڵە و ماددە پڕۆتۆئینییەکانی لە بازاڕی شاری سنە خستووەتە ڕوو کە چاوخشاندنێکی خێرا بەسەر ئەم خشتانە دەری دەخات ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە چ ئاستێکدایە؛ بۆ نموونە: سێو هەر کیلۆ ١٠ هەزار تمەن، هەنار ١٢ هەزار تمەن، مریشک ١٤٠٠٠ و هێلکە ١١ هەزار تمەن، برنج ١٨ هەزار و ڕوب ٢٠ هەزار تمەن.

چالاکانی بازاڕ لە کوردستانیش لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەم ڕەوتە خێرا لە چوونە سەری نرخی کەلوپەل و پێداویستییەکانی ژیان، هاوکات لەگەڵ بێکاری توێژە جۆربەجۆرەکانی کۆمەڵگە کاریگەرییەکی وەهای دەبێت کە لە بەرەبەری ساڵی نوێ و پاش نەورۆز نرخەکان چەند قات زیاتر گران ببن.