کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێڕوانینی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران بۆ بوومەلەرزەکەی ساڵی ڕابردووی پارێزگای کرماشان لەژێر دەمامکی سیاسەت و مەزهەبدا

13:55 - 25 سەرماوەز 2718

ئەردەڵان بێهرووزی

وەرگێران: ژیلا موستەجر

ئەگەرچی لە نێوئاخنی سەردێڕدا چەندین پرسیار درووست دەبێت، بەڵام پێش دەسپێکردنی ناوەڕۆکی بابەتەکە، سەرەتا باشترە پێشەکییەکی کورتی لەسەر باس بکەین.

پارێزگای کرماشان بە درێژایی مێژوو، لەلایەن هەموو ڕێژیمەکانی پێشوو و ئێستاش پێگەیەکی تایبەتی لە ڕوانگەی ناوچەیی- سیاسییەوە هەبووە و هەمیشە پڕۆسەی سیاسی دەسەڵات لەسەر گێژەنێک سووڕاوەتەوە کە لە هەر ڕێگەیەکەوە دەلوێت، کۆنتڕۆڵی ئەو پارێزگایە لە دەسەڵاتی دەرنەچێت و لەم پەیوەندییەدا بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵ دراوە کە لە ڕێگەی بەهادان بە بابەتی تێکدەری جڤاتناسی و ئایینی هەر لە سەردەمی دەسەڵاتداری سەفەوییەکان و دواتر لە سەردەمی قاجارییەکان بە کردەوە زۆرترین دەستێوەردان لە کاروباری ئەو پارێزگایەدا بکەن.

ئەگەرچی بە پشت بەستن بە بەڵگە و هۆکاری مێژوویی، جڤاتی، زمانی و فەرهەنگییەوە، دانیشتووانی ئەو ناوچە لە ڕووی نەتەوەوە کوردن و لە ڕووی ئایینەوە زۆربەی دانیشتووانی کرماشان بیروبۆچوونی ئیسلامی و لایەنگری شێعەن، بەڵام لەم بوارەدا دەبێت ڕوونی بکەینەوە کە نابێت لایەنگرانی ئەو مەزهەبە لە جوگرافیای کرماشان لە چەشنی شیعەکانی نێو حکومەت و ئەوانەی لە ئیسفەهان و قۆم و یەزد دەژین هەژمار بکرێن. چونکە حەشیمەتی لایەنگرانی ئەو مەزهەبە لە کرماشان لە بواری نەتەوە، زمان و فەرهەنگەوە لە سەرەکیترین بنچینەکانی نەتەوەی کورد هەژمار دەکرێن و ئێستاش لە سایەی گەشەی تکنۆلۆژی و سۆشیال میدیای کوردی وەکوو میدیای دەنگی و تلویزیۆن و کتێب و ڕۆژنامە، لەسەر چوونە سەرەوەی هۆشیاری نەتەوەیی، فەرهەنگی و مێژوویی خەڵکی کرماشان و ناوچە کوردنشینەکانی دیکەی ئێرانیش کاریگەر بوون و لەسەر چۆنیەتی بڕیاردان و مافی چارەنووسی کورد شوێندانەر بوون و بە خۆشحاڵیەوە ئەو هۆکارانە بە شێوەیەکی تایبەت بووەتە هۆی یەکگرتوویی زیاتر لە سەر پارامێترەکان وەکوو نەتەوە، زمان و فەرهەنگی پارێزگای کرماشان لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لایەنی مەزهەبی (شیعە) کە ساڵەهایە وەکوو خەنجەرێکی دوو لێو لەنێو کورد بە پشتیوانی ڕێژیمە دەسەڵاتدارەکان کاری کردووە، ئێستە بەرەو لێژی دەڕوات و جێگەی خۆی داوەتە بووژاندنەوەی هەماهەنگی زۆرینەی کوردەکانی کرماشان و ئەو بابەتە کوردایەتی لەنێو کوردانی باشووری کوردستان(ئێران) بوژاندووەتەوە.

لە ڕوانگەیەکی دیکەوە بە شیاوی دەزانین کە بڵێین ئەگەرچی بەستراوەیی و هەماهەنگی لەو بوارەدا زۆر داچەکاو و نارێک و پێکە، بەڵام لە هەمان کاتدا ماتۆڕی وشیاری و هەستی نەتەوایەتی لە بەرانبەر نادادپەروەری و سیاسەتی تاکڕەوی مەزهەبی و دووبەرەکی نانەوەی ڕێژیمی ئیسلامی ئێران خەریکە سەرهەڵدێنێ و گەشە دەکات. ئەو بابەتە گرینگە بووەتە هۆی ئەوە حاڵ و باڵی کاربەدەستانی ڕێژیم لە کرماشان شپرزەتر بێت و حکومەتی ئاخوندی لە دڵەڕاوکەی دروست بوونی باهۆزێک کە بتوانێت ڕایماڵێ، هەوڵ دەدات ئەو ناوچەیە لە ژێر گوشاری جۆراوجۆری سیاسی- ئابووریدا بهێڵێتەوە.

لەم پەیوەندییەدا بە بڕوای نووسەری ئەو بابەتە یەکێک لەو کەرەستانەی کە ئێستا ڕێژیم سەرەڕای گوشارەکانی دیکە کە لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوو، دژی خەڵک بەکاری بردووە و دەهێنێت، هەمان بوومەلەرزەیە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو وەکوو شانسێک بۆ ڕێژیم بە شێوەی ڕۆژانە لەو ناوچانە بە تایبەت ناوچەی گومروکی سنوور، ڕوو دەدات.

ناوچەی ئەسڵی بوومەلەرزە لە ماوەی شەڕی ٨ ساڵەی ئێران-عێراق، کەم تا زۆر لە ژێر دەسەڵاتی هێزە تایبەتە چەکدارەکانی ڕێژیم بە تایبەت سپای پاسداران بووە و لەو ماوەیەدا توانیویەتی بە باشی گرینگی ستراتیژی و جوگرافیای ناوچەکە بناسێت و هەم لە ڕێگەی جاشەکانەوە دزە بکاتە نێو خەڵک و بە بەرنامە کاری ڕێکخستن بکات.

ئەو هێزانە دوای کۆتایی هاتنی شەڕ ئەو ناوچانەیان چۆڵ نەکرد و بگرە بە دامەزراندنی پایەگا و سەکۆی سەربازی و مووشەکی، دەسەڵاتی خۆیان سەپاند و ناوچەکەیان گرتە دەست. لەم کاتە هەستیارەدا، ڕووداوی بومەلەرزەش وەکوو کاتالیزۆرێک لە ڕاستای بەرەوپێشچوونی سیاسەتە نادیارەکانی ڕێژیم شریقەی دێت و لەم پەیوەندییەشدا هەواڵگەلێک لەبەردەستدایە کە باس لەوە دەکەن، ناوەندە تایبەتەکانی ئیتلاعات و هێزە پسپۆرەکانیان لە چەند ناوچە بە تایبەتی ناوچەی داڵەهۆ بە بیانووی گەڕان بە دوای نەوت و گاز، عەرزیان تا قووڵایی سەد میتر هەڵکەندووە و دواتر بە دانانی بڕە مادەیەکی تەقینەوە، هەوڵ دەدەن هێزی بوومەلەرزە یا پاشلەرزە لە رەهەندی زیاتر و جوگرافیایەکی فراوانتردا بڵاو کەنەوە. بەو کارەش لەلایەکەوە ژیان و هزری گشتی خەڵکی ناوچەکە دەخەنە ژێر کاریگەری ترس و دڵەڕاوکە و تۆوی بێ هیوایی دەچێنن لە لایەکی دیکەوە دوای یەکساڵ لە ڕوودانی بوومەلەرزە هەنوکە دەوڵەت یان نەیویستوە یان نەیتوانیوە، خەسارەکان قەرەبوو بکاتەوە.

هەر بۆیە داتاکان دەڵێن کە ئەم ناوچانە لە ڕیزی ئەو ناوچانەدان کە چوون بڕبڕەی پشتی پارێزگای کرماشان هەژمار دەکرێن و لە ڕاستیدا لەبەر ئەوەیکە دانیشتووانەکەی تەنیا پارێزەرانی ڕاستەقینەی پارێزگای کرماشانن و لە لایەکی دیکەوە لە ماەی ٤ دەیەی حکومەتی مەزهەبی ئێران تا ئێستا نەچووەتە ژێر هێژمۆنی دەسەڵاتداران و لە هەوڵدان بە گوشار خستنە سەر خەڵک ناوچەکە لە دانیشتووانەکەی بسڕنەوە و بتوانن کارگە، پایەگا و ناوەندی فێرکاری سەربازی و مووشەکی خۆیان لەو ناوچە دامەزرێنن و باشتر پەرەی پێ بدەن و لە خەیاڵی خۆیاندا شووشەی عومری خۆیان ڕاگرن، بەڵام بەڵگەکان دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە ڕێژیم بەو سیاسەتە ناتوانێ چیدیکە بژیت و بەرەو کۆتایی دەڕوات و خەڵکی ناوچەکە بە هومێد و ڕوانگەیەکی ڕوونتر دەڕواننە ئاسۆ و داهاتوو، ئەوان لە هەمبەر ئەو گوشارە دووپاتانە بە هیوای گەیشتن بە داهاتوویەکی گەش خۆڕاگری دەکەن و بە دڵنیاییەوە هیچکات مەوتەنی خۆیان لەژێر گوشاری داگیرکەر چۆڵ ناکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.