کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکدانی سیستمی GPSی کەشتییەکان لە لایەن ئێرانەوە، هۆشداریی ئامریکای لێکەوتەوە

18:46 - 17 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: دەوڵەتی ئامریکا لەهەمبەر هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران لە کەشتییە بازرگانییەکان و هەوڵ بۆ تێکدانی سیستمی GPSی کەشتییەکان، هۆشداریی بەو ڕێژیمە دا و جەختی کردەوە کە ئەمنییەتی هاتوچۆی کەشتییەکان لە کەنداودا دابین دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن هەوڵدەریی CNNوە لە ڕێکەوتی ١٦ی گەلاوێژ بڵاو بووتەوە، ستادی فەرماندهی ناوەندی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە لەم دواییانەدا ژمارەیەک لە کەشتییە بازرگانییەکان و نەوتکێشەکان لە ئاوەکانی کەنداو باسیان لەوە کردووە کە سیستمی  GPSکەیان تێکچووە. ئامریکا لەسەر ئەم باوەڕەیە کە دەسەتکاری و تێکدانی ئەم سیستمە کاری ئێرانە.

هەواڵدەریی CNN، ئەم هەواڵەی لە زاری بەڕێوەبەریی دەریایی وەزارەتی گواستنەوە ڕاگەیاندووە، ئەم وەزارەتخانەیە لەهەمبەر دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە سیستمی GPSی کەشتییە بازرگانییەکان لە ئاوەکانی کەنداودا، هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران داوە.

یەکێک لە فەرماندەرانی ئەرتشی ئامریکا بە هەواڵنیری CNNی وتووە کە ڕێژیمی ئێران ناوەندێکی بۆ تێکدانی سیستمی GPSی کەشتییە بازرگانییەکان لە دوورگەی "ئەبوومووسا" کە لە کۆنترۆڵی هێزە نیزامییەکانی ڕێژیمدایە، پێکهێناوە.

ڕێژیمی ئێران بە دەستێوەردان و تێکدانی سیستمی GPSی کەشتییەکان، دەیەوێت ئەو کەشتییانە بۆ ئاوەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی ڕابکێشیت و بتوانێت دەستیان بەسەردا بگرێت.

پێشتریش، سپای تێرۆریستی پاسداران، پارازیتی خستبووە  سەر سیستمی GPS  و ئەمەش  ئینتەرنێت، ئۆپراتۆرەکانی مۆبایل و سیستمە ناوبەرییەکانی فڕۆکە و کەشتییەکانی تووشی کێشە کردبوو.

ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردان، "حوسێن فەلاح جوشقانی"، بەرپرسی ڕێکخراوی "تەنزیمی موقەرەرات و پەیوەندییە ڕادیۆییەکانـ"ـی ڕێژیم، بەفەرمی ڕایگەیاند کە پارازیت خستنە سەر سیستمی  "GPS"، لە لایەن ناوەندێکی سەر بە ڕێژیمەوە ئەنجام دراوە.

هەوڵە تێکدەرانەکانی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەی کەنداودا، مەترسیی بۆ هاتوچۆی کەشتییە بازرگانییەکان دروست کردووە و ئەمە نیگەرانیی وڵاتانی لێکەوتووەتەوە.