کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرانی دێموکرات یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت

13:25 - 3 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری سنه، یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری سنە، لە ڕۆژی یەکشەممە، ٣ی خەرماناندا و لە یەکەمین ساڵیادی شەهیدبوونی شەهیدانی ژینگەدا، شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشی"، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێر و وێنەی تایبەت بەو شەهیدانە، یادی شەهیدانی ژینگەیان بەرز ڕاگرت.

لەم یادکردنەوەیەدا تێکۆشەرانی دێموکرات، لە شوێنەکانی وەک: "کێوی ئاویەر، پارکی ئەمیرییە و دەوروبەری مزگەوتی ئەمیرییە" و هەروەها لە شوێنەکانی دیکەی شاردا، وێنە و پۆستێریان بڵاو کردەوە.

شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشی"، لە ڕەوتی ئاگرتێبەردانە بەئەنقەستەکانی ڕێژیم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و لە کاتی کوژاندنەوەی ئەم ئاگرانەدا، لە ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاویدا گیانی خۆیان بەخت کرد هەر بۆیە ڕۆژی ٣ی خەرمانان وەکوو ڕۆژی شەهیدانی ژینگە لە کوردستان ناودێر کراوە.