کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەری دێرینی حیزب و گەل، کەریم حەداد کۆچی دوایی کرد

16:26 - 1 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: کەسایەتی دیار و بەبڕشتی دێموکرات، تێکۆشەری دێرین و فەرماندەی چاونەترسی حیزب و گەل، کاک کەریم حەداد ماڵئاوایی لە ژیان و هاوسەنگەرانی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کاتژمێر پێنج وبیست خولەکی بەیانی ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی  ۱ /۹/ ۱۳۹۷ هەتاوی بەرامبەر۲۲ /۱۱ / ۲۰۱۸ زایینی، کاک کەریم حەداد لە وڵاتی سوئێد کۆچی دوایی کرد.

کاک کەریم حەدداد ڕۆژی چواری گەلاوێژی ساڵی ١٣٠٩ی کۆچی هەتاوی لە شاری سەردەشت لە  بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەردا لە دایک بوو.

هەر لە سەرەتای منداڵییەوە بە هۆی ئەوەیکە باوک و خاڵەکانی پێشمەرگەی کۆماری کوردستان بوون لە گەڵ سیاسەت و نیشتمانپەروەری ئاشنا بوو و هەر لەو کاتانەدا کە تەمەنی تەنیا پازدە ساڵ بووە لەگەڵ کۆمەڵیک لە هاوتەمەنانی لە شاری سەردەشت یەکییەتی لاوانی دێموکراتیان دامەزراندووە و خۆشی بوو بە یەکێک لە ئەندامانی چالاکی یەکیەتییەکە.

 پاش تێپەڕینی چەند ساڵ بە سەر رووخانی کۆماری کوردستان و بووژانەوەی حیزبی دێموکرات بوو بە ئەندامی حیزب و وەک ئەندامێکی کارا و چالاکی حیزب دەستی بە تێکۆشانی نهێنی کرد، هەر بەو هۆیەوە وەک نوێنەر بۆ بەشداری لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب کە لە گوندی سونێی باشووری کوردستان پێک هات، هەڵبژێردرا.

دوای کۆنگرەی دووهەمی حیزب و گیرانی بەشێک لە ئەندامانی حیزب لە ساڵەکانی ٣٧ و ٣٨ کاک کەریم وەک بەرپرسی تەشکیلاتی حیزب لە ناوچەی سەردەشت دیاری کرا و لەگەڵ پۆلێک لە هاوڕێیانی لەژێر زەبروزەنگی رێژیمی پاشایەتیدا دەستیان بە تێکۆشان کرد.

کاک کەریم یەکێک لەو کەسانە بوو کە جیا لە ئەرکی خزمەت لە ناو حیزبەکەی خۆیدا خزمەتێکی زۆری بە جووڵانەوەی باشووری کوردستانیش کرد، ئەو بە ناوی بازرگانییەوە جلوبەرگ و پێڵاو و پێداویستییەکانی بەشێک لە پێشمەرگەکانی باشووری دابین دەکرد.

لە جەریانی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ دا یەکێک لە هاوکارانی نزیکی شەهیدان مەلا ئاوارە و سولەیمان موعینی بوو، هەر بەو هۆیەشەوە لە پاش دەستگیرکرانی مەلا ئاوارە بە ناچاری لە بەر ئەوەی نەکەوێتە مەترسیی دەستگیرکرانی لە لایەن رێژیمی شاوە، پەڕیوەی باشووری کوردستان بووە.

لە باشووردا لە گەڵ ئەو هاوڕێیانەی کە پاش تێکشکانی جووڵانەوەی ٤٦ و ٤٧ گەڕابوونەوە باشووری کوردستان، یەک دەگرنەوە و تێکۆشانی حیزبی دەست پێدەکەنەوە.

هەر لەو سەردەمانەدا کە ماڵی لە قەڵادزێ بووە دەکەوێتە بەر هێرشی پیاوەکانی رێژیمی شا و نارنجۆکی دە ماڵەکەی دەهاوێن کە بە خۆشییەوە زیانی گیانی لێ ناکەوێتەوە.

لە دوای نسکۆی ٤٧ کە ئەندامانی حیزب بە هۆی ناکۆکی لە شێوازی بەرێوەبردنی ئەرکی حیزبیدا لێک هەڵبڕابوون بە هیممەتی بەشێک لە کادرە سەرەکییەکانی حیزب یەک دەگرنەوە و کۆنفرانسی سێهەمی حیزبی دەگرن، لەو کۆنفرانسەدا کاک کەریم وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزب هەڵبژێردرا و ئەو ئەرکەی تا گیرانی کۆنگری سێهەم بە ئەستۆوە بوو.

لە کۆنگرەی سێهەمیشدا کاک کەریم بۆ جارێکی دیکە وەک ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێتەوە، لەو کۆنگرەیەدا کاک کەریم بە هۆی لێهاتوویی و خۆشەویستییەوە زۆرترین ژمارەی دەنگی بەشدارانی کۆنگرە وەدەست دێنێ.

لە پاش رووخانی رێژیمی پاشایەتی و گەڕانەوەی کادر و رێبەرایەتیی حیزب بۆ ناوخۆی وڵات کاک کەریم وەک بەرپرسی کۆمیتە شارستانی سەردەشت دیاری دەکرێ و رێکخراوی شارستانی سەردەشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەکاتەوە.

لە دوای کۆنگرەی چوارەمی حیزب، کاک کەریم وەک ئەندامی موشاویری کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێ .

لە پاش دامەزراندنی ستادی پێشمەرگە (شوورای نیزامی) کاک کەریم وەک ئەندامی ئەو ستادە دیاری دەکرێ، دوای گیرانەوەی شاری مەهاباد لە لایەن رێژیمەوە کاک کەریم ئەرکی فەرماندەیی هێزی شەهید موعینیی پێ دەسپێردرێ و هاوڕێ لە گەڵ بەشێکی بەرچاو لە فەرماندەکانی ناوچەی سەردەشت وەک کاک مەلا حەسەنی شیوەسەڵی دەستبەکار دەبن و بۆ چەند ساڵ ئەو ئەرکەی بەڕێوە بردووە.

کاک کەریم پاش کۆنگرەی پێنجەمی حیزب وەک بەرپرسی بەشی تەداروکاتی نیزامیی حیزب دیاری کرا و هەتا دوای کۆنگرەی شەشەمی حیزب و تەمەنی ٦٥ ساڵی ئەو ئەرکەی بەرێوە برد.

کاک کەریم لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشی خانەنشین دەبێ و وەک ئەندامێکی بەوەفا و باوەڕپێکراوی حیزب لەگەڵ خەت و رێبازی حیزبەکەی مایەوە.

لە کونگرەی حەوتەم و نۆهەمی حیزبدا بە هۆی باوەڕپێکراوی و خۆشەویستییەوە وەک میوان بەشداری کۆنگرە بووە.

لە کۆتاییەکانی هاوینی ساڵی ١٩٩٢ی زایینی(١٣٧١ کۆچی هەتاوی) وەک پەنابەر کوردستانی بەرەو هەندەران بەجێ هێشتووە و لە ساڵی ١٩٩٣ی زایینی ڕووی لە  وڵاتی سوئێد کرد و هەتا دواماڵاوایی هەر لەو وڵاتە مایەوە.

لە ماوەی ساڵانی نیشتەجێ بوونی لە سوئێد وەک ئەندامێکی وەفاداری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و رێبواری رێگای شەهیدان پێشەوا قازی و قاسملوو و شەرەفکەندی درێژەی بە خەبات، دا و هەر بەو هۆیەوە خۆشەویست و باوەڕپێکراوی دۆستان و هاوڕێیانی بوو و رێز و حورمەتێکی زۆری لە لایەن ئەندامانی حیزبەوە لێدەگیرا.

حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بە بۆنەی کۆچی دوایی و ماڵئاوایی هاوڕێ و هاوسەنگەری بەوەفا کاک کەریم حەداد پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خزم و کەسوکاری ناوبراو، کادر و پێشمەرگەکانی حیزب و خەڵکی کوردستان بەتایبەت شاری سەردەشت دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.