کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێکۆشەرێکی ماندوونەناس لە دنیای خەبات ماڵاوایی کرد

18:39 - 23 خاکەلێوه 2718

کوردستان میدیا: کاک "سارم خانی سادق‌وەزیری" پارێزەر و مافناسی کورد و یەکێک لە داڕێژەرانی گەڵاڵەی خودموختاری بۆ کوردستان، لە وڵاتی سویس بۆ هەمیشە ماڵاوایی لە ژیان کرد.

ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاک "سارم خانی سادق‌وەزیری" پارێزەر و مافناسی کورد، لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا، لە وڵاتی سویس کۆچی دوایی کرد.

کاک سارم خانی سادق‌وەزیری، لە ڕێکەوتی ١٢ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٠٠ هەتاوی، لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە، خوێندنی سەرەتایی‌ لەم شارە و دواناوەندی لە سنە و تەورێز تەواو کرد و دوای ساڵێک توانی لە بەشی یاسا لە زانکۆ درێژە بە خوێندن بدات و سەرئەنجام لە دەزگای قەزایی ئەوکاتی ئێراندا کاری پێ دەسپێردرێت.

کاتێک ساڵی ١٣٢٧ی هەتاوی، لە تەنیشت کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی توودە، کۆمیتەیەک بە ناوی کۆمیتەی ئازەربایجان ‌و کوردستان پێک دێت، ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی ئەو کۆمیتە سێ کەسییە بووە و بەرپرسی کاروباری کوردستان بووە.

ناوبراو دوای کودتای ٢٨ی گەڵاوێژی ١٣٣٢ی هەتاوی، دەسبەسەر دەکرێ ‌و ڕەوانەی بەندیخانەی "فلک الفلاک"ـی لوڕستان دەکرێ. دوای چواردە مانگ زیندان بە ئێعدام مەحکووم دەکرێت و پاش چوار ساڵ حوکمەکەی دەبەخشرێت ‌و ئازاد دەکرێ.

سارم خانی سادق‌وەزیری هاوڕێ لەگەڵ چەند کوردێکی دانیشتووی تاران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی، "جمعیت کردهای مرکز"یان دامەزراند و ناوبراو وەک وتەبێژی "جمعیت"ـەکە ناسرابوو.

هەروەها ناوبراو لە داڕشتنی گەڵاڵەی خودموختاری پێشنیارکراوی دەستەی نوێنەرایەتیی کورد بۆ وتووێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تازەی ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی ڕۆڵێکی کاریگەر و سەرەکی وەک یاساناس گێڕاوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ کۆچی هەمیشەیی ناوبراو، سەرەخۆشی لە بنەماڵە، خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێت.