کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی مامۆستا "مێهدی بەدری" لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزب بە خاک ئەسپێردرا

17:40 - 18 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: تەرمی مامۆستا مێهدی بەدری، مامۆستای دێرینی فێرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەشداریی بنەماڵەی ناوبراو و هەروەها ڕێبەرایەتی حیزب و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات بە خاک ئەسپێردرا.

سەرلەبەیانیی ڕوژی شەممە، ١٧ی سەرماوەز، تەرمی مامۆستا "مێهدی بەدری" بە بەشداریی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو و هەروەها ڕێبەری حیزب و کادر و پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات، لە گۆڕستانی شەهیدانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

 مامۆستا "مێهدی بەدری"، مامۆستای تێکۆشەر و خەباتکاری حیزبی دێموکرات، کە ماوەی زیاتر لە ٢٠ ساڵ لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتدا بوو و وەک مامۆستای فێرگە ئەرکی حیزبی بەجێ دەگەیاند، بە هۆی نەخۆشیی شێرپەنجە لە وڵاتی دانمارک ماڵاوایی لە ژیان کرد.

مامۆستا مێهدی، لاوێکی شارەزا و وشیار بوو، بەخێرایی خۆی پێگەیاند و بوو بە مامۆستای فێرگە و پلەی کادری وەک مامۆستایەکی لێوەشاوەی پێ درا.

کاک "مێهدی بەدری" کوڕی "عەلی"، خەڵکی شاری پاوە، لە ساڵی ۱۳٤۸ لە شاری پاوە لەدایک بوو، خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی لەو شارە تەواو کرد، بە هۆی هەست بە بەرپرسایەتی لە بەرانبەر گەل و نیشتمان، لەگەڵ ئەوەی کە باوکی نابینا و ڕووناکدڵ بوو؛ لە ساڵی ۱۳۷۰ هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە و هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی حیزبی دێموکرات مایەوە.