کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەرمی ئەو کەسانەی بە دەستی هێزەکانی تورکیە کوژراون ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکرێتەوە

22:52 - 19 بەفرانبار 2715

کوردستان میدیا: تەرمی ئەو لاوانەی کە بە دەستی هێزەکانی دەوڵەتی تورکیە کوژراون، ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکرێتەوە و بنەماڵەی ئەو سێ قوربانییەی کە لە سلۆپیە کوژرابوون، لەبەردەم نەخۆشخانەی دەوڵەتیی شێرناخ کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند تا کاتێک تەرمی ئەو سێ کەسەیان وێ نەدەنەوە، بنەماڵەکانی دیکەش تەرمی منداڵەکانی خۆیان وەرناگرنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئەندامانی بنەماڵەی سوە دەمیر، فاتمە ئویار و پاکیزە نایر دوای ئەوەیکە لە بەردەم نەخۆشخانەی شێرناخ لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایانگەیاند کە هێزە ئەمنیەتییەکان ئیزن نادەن تەرمی ڕۆڵەکانیان ئەسپەردەی خاک کەن، گوتیان تا ئەو کاتەی ئەو ڕەوتە درێژەی هەبێت، ئێمەش تەرمەکان وەرناگرینەوە.

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی سوە دەمیر لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە؛ ئێمە بۆ وەرگرتنەوەی ڕۆڵەکانمان هاتووینەتە ئێرە، بەڵام هێزەکانی تورکیه ئیزن نادەن تەنانەت ئێمە منداڵی دوازدە ساڵانەی خۆمان بەخاک بسپێرین.

لە لایەکی دیکەوە، ژنێکی کورد بە ناوی فاتمە کلەچ لە کەربووران بە هۆی هێرشی پۆلیسی تورکیەوە بە توندی بریندار کراوە و بە هۆی قووڵی برینەکەیەوە گیانی لەدەست‌ داوە.

هەروەها دو برای دیکە بە ناوەکانی نیدار سومەر تەمەن ١٧ ساڵە و خالس سومەر تەمەن ٤٥ ساڵە، بە هۆی تەواو بوونی ئاوی خواردنەوەیان لە ماڵەوە، لەکاتێکدا دەیهەوێ بچێتە ماڵی دراوسێکەیان ئاو بهێنێت، بەدەستی هێزەکانی پۆلیسی تورکیه دەکوژرێت.

شەڕ لە شاری جزیرە لە پارێزگای شێرناخی باکووری کوردستان، پێی ناوەتە ٢١ه‏مین ڕۆژی خۆیەوە و لەو پەیوەندییەدا، گەڕەکی نوور لە ڕۆژی ڕابردووە بە چڕوپڕی لە لایەن هێزە نیزامییەکانی تورکیەوە تۆپ‏باران دەکڕێت و بە هۆی ئەو تۆپ‌بارانەوە، دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی تەیفوور یاشلی و شوان مونگان گیانیان لەدەست داوە.

شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی نێو شارەکانی کوردستانی باکوور، دوای ئەوە چڕتر بووەوە کە پ.ک.ک سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دێموکراتیکی بۆ شارەکانی باکووری کوردستان دەستنیشان کرد و حیزبە سیاسی و مەدەنییەکانی باکووریش ڕایانگەیاند کە؛ ئیدارە دەوڵەتی و نیزامییەکانی دەوڵەتی تورکیه بە فەرمی ناناسن.