کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەندوورەکانی کوردستان بێ نان دەبن

14:09 - 6 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کێشەی بێ ئاردی لە ئێران و کوردستان درێژەی هەیە و لە هەندێک لە شارەکانی کوردستان و ئێران نانواخانەکان بە هۆی بێ ئاردی داخراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، له گوندی "ڕەحیم خان" سەر بە شاری بۆکان بە هۆی نەبوونی ئارد نانواخانەکانی داخراوە و دوو ڕۆژە خەڵک بێ نانن.

هاوکات جیا لە گوندی ڕەحیم خان گوندەکانی "ئەرمەنیبڵاغی و سەراو"، نانواخانەکان لەبەر نەبوونی ئارد داخراون.

ئەم کێشەیە داوێنی کوردستان و ئێرانی گرتووەتەوە؛ بەڵام هەتا ئێستا هیچ لایەنێکی پێوەندیداری ڕێژیم لەمبارەیەوە خۆی بە بەرپرسیار نەزانیوە.

نەبوونی ئارد لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی ڕێژیم باس لەوە دەکەن لە بواری بەرهەمی گەنم ئێمە بەرەو خودکەفایی هەنگاو دەنێین.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیم بە هۆی لافاوی ئەمساڵ ١ میلیۆن تۆن بەهرەی گەنم تەنیا لە پارێزگای خوزستان لەناو چووه.

دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ئامارە هەندێک لە ڕاگەیاندکانی ڕێژیم هۆشداریان دا کە ئێران تووشی کەمیی ئارد و نان دەبێت.

نەبوونی ئارد لە بازاڕەکانی ئێراندا لە کاتێكدایە کە نرخی ئارد لە ئاستی ئێراندا دوو قات زیادی کردووە. لە لایەکی دیکەوە ڕێژیم نرخی نانی گرانتر کردووە.

قەیرانە ئابوورییەکانی ئێران و قەیرانی لافاوەکان خۆی هەڕەشەیەکە بۆ سەر ئەمنییەتی خوراک لە ئاستی ئێراندا.