کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا ١٤ لەسەدی حەشیمەتی ئێران، پیشەی تەواو وەختیان هەیە

11:51 - 29 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بە پێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە حەشیمەتی ٨٠ میلیۆن کەسیی ئێران، تەنیا ١٤ لە سەدیان خاوەنی پیشەی تەواو وەختن .

بە پێی ئەو ئامارەی کە ناوەندیی ئاماری ئێران لەمەڕ ڕێژەی بێکاری بڵاوی کردۆتەوە، ٣/٣ میلیۆن کەسی بێکار لە ئێراندا بوونیان هەیە کە بەدوای کاردا دەگەڕێن.
هەروەها ١٠ میلیۆن کەسیش، دەچنە ڕیزی ئەو کەسانەوە کە کاری نیوە وەختیان هەیە و بە بەردەوامی لە سەر کار نین.

لەم ئامارەدا باس لە ٤٠ میلیۆن کەس کراوە کە کار ناکەن و وەکوو بەشی ناچالاک ناویان لێبراوە کە منداڵان، بەساڵاچووان و کەسانی بێهیوا لە دۆزینەوەی کار، لە خۆ ئەگرێت.

باس کردنی ئەم ئامارانە لە حاڵێکدایە کە زۆرینەی منداڵان لە شارە جۆراوجۆرەکاندا بە کاری دەستفرۆشییەوە سەرقاڵن کە بە منداڵانی کار دەناسرێن و لە ڕاستیدا ئەمە یەکێک لە خەسارە کۆمەڵایەتییەکانە کە بە ڕیژەیەکی زۆریش بوونی هەیە و ڕێژیم وەک کار بەئەژماری دێنێت.

لە لایەکی تریشەوە باس لە کاری نیوە وەخت کراوە کە دیارە ئامارێکی ڕاستەقینە بوونی نییە چونکە خوێندکاران و قوتابییان لە ناوەندی ئاماری ئێراندا وەکوو کەسانی خاوەدن کار و پیشە دەناسرێن.