کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەنیا ٥ لەسەدی کەرتی پیشەیی لە پارێزگای کرماشان چالاکە

16:58 - 16 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی خانووی پیشە و کانزاکانی پارێزگای کرماشان ڕایگەیاندووە، کە ٩٥ لەسەدی یەکە پیشەیییەکان لە کرماشان ناچالاکن و داخراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییە نێوخۆییەکانی ڕێژیم، لە کۆبوونەوەی پیشە‌کارانی پارێزگای کرماشان، جەهانبەخش شوکری، بەرپرسی خانووی پیشە و کانزاکانی کرماشان ڕایگەیاندووە، کە تەنیا ٥ لەسەدی یەکە پیشەیییەکان لە کرماشان چالاکن و بەرهەمهێنانیان هەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە کردووە، کە چوونەسەرەوەی نرخی دۆلار بازاڕی بەرهەمهێنانی نێوخۆیی تووشی کێشە کردووە و زۆربەی یەکە پیشەیییەکان قەرزدار بوونە و لە لایەکی دیکەشەوە قەرزە بانکییەکان کە بە بەرهەمهێنەران دراون، سوودیان ئەوەندە لەسەرە کە یەکە پیشەیییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ قەرزدارتر دەبن.

پارێزگای کرماشان، لە بواری زۆربوونی کانزاکان و هێزی مرۆیی و سنوورەکانی لەگەڵ دەرەوەی ئێران، پستانی (پتانسیل) ئەوەی هەیە، کە ببێتە یەکێک لە پیشەییترین پارێزگاکانی ئێران. 

بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاستای سیاسەتە فاشیستییەکانیان، گرنگی بە کەرتی پیشە لەو پارێزگایە نادەن و ئاکامەکەی بووەتە ئەوەی کە پارێزگای کرماشان لە بواری ئابووریدا کەمترین گەشە بکات و ئاستی بێکاری لەو پارێزگایە لە هەموو ئێراندا زۆرتر بێت و کەمترین سەرمایەدانان لە لایەن ڕێژیمەوە لەو پارێزگایە بکرێت و خاوەن سەرمایەکان و پیشەکارەکانی ئەو پارێزگایەش، لە پارێزگای کرماشان سەرمایەکەیان بەکار نەهێنن و لە ناوەندی ئێراندا وەگەڕی بخەن.