کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جان بۆڵتۆن: ڕێژیمی ئێران لە سەر چالاکیی بەرنامە ناوەکییەکەی زانیاری درۆیینی ڕادەستی ئاژانسی ناوکی کردووە

18:08 - 25 بەفرانبار 2718

کوردستان میدیا: جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەر چالاکییە نهێنییەکانی وزەی ناوکیی ڕێژیم، زانیاری درۆ و هەڵەیان ڕادەستی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە.

جان بۆڵتۆن، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، ڕۆژی سێشەممە ۲٤ی بەفرانبار، لە تووئیتێکدا لە لاپەڕەی تووئیتێری خۆیدا بڵاوی کردووەتەوە کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران لە سەر چالاکییە نهێنییەکانی وزەی ناوکیی ڕێژیم، زانیاری درۆ و بە تەواوەتی هەڵەیان ڕادەستی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی کردووە.

جان بۆڵتۆن، لە بەشێکی تووئیتەکەیدا لە سەر ڕادەستکردنی زانیاری درۆ لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوەکی، نووسیویەتی: "ئارشیڤی ئەتۆمی ئێران، نیشانەیەکی بەهێز لەوە نیشان دەدات کە ئێران بە ئەنقەست زانیاری درۆ و هەڵەی ڕادەستی ئاژانس کردووە".

ناوبراو لە بەشێکی تری تووئیتەکەیدا لە سەر بڕیاری کشانەوەی دانڵد ترامپ لە ڕێکەوتننامەی بەرجام، نووسیویەتی: "بڕیاری سەرکۆمار لە کشانەوەی ڕێکەوتننامەی ناوکی لەگەڵ ئێران، لە جێی خۆیدا بوو. گوشارەکانی سەر ئێران بۆ وازهێنان لە بەرنامەی ناوەکی درێژەی هەیە".