کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جوغرافیای نەتەوەیی و جوغرافیای شۆڕش

14:26 - 1 بەفرانبار 2716

کەریم پەرویزی

نەتەوەی کورد لە خاکی نیشتمانی خۆیدا بەرەوڕووی هێرشی بێگانە و دەستبەسەرداگرتنی خاکەکەی و ماڵوێرانی و کاولکاری بۆتەوە و سەدان ساڵە کە لە پێناوی دووبارە بەدەستەوەگەرتنی چارەنووسی خۆیدا خەبات دەکا.

بە درێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو و بگرە نزیک بە سەدەیەکە، بەتایبەت لە ئێراندا ئەو چەواشەکارییە مێژووییە دەکرێ کە هەموو نەتەوەکان لە ئێراندا مێژووی هاوبەشیان هەیە و بە ئاشتیانە لە پەنا یەکدا ژیاون! ئەمە لە کاتێکدایە کە نەتەوەکانی تورک و کورد و عەرەب و بەلووچ و تورکمەن، بەردەوام سەرکوت کراون و زۆرجاریش قڕ کراون. ئەم مێژووە هاوبەش نیە لە نێوان نەتەوەی باڵادەست و نەتەوەی ژێردەستدا، بەڵکوو دوو ڕووی مێژوویەکە، ڕوویەکی ستەمکاری و ڕوویەکی ستەملێکراوی!

لە نێو نەتەوەی کورددا، بە درێژایی و پانایی خاکی کوردستان، ئەم نەتەوەیە بەرەوڕووی ستەم و کاولکاری بۆتەوە و جوغرافیا نەتەوەییەکەی لە ماکۆ و سەڵماسەوە بگرە تاکوو ئیلام و شارە کورد نشینەکانی خوارتر، دەگرێتەوە. بەڵام شۆڕشێک کە بەرپا بووبێ، سەرتاسەری ئەم جوغرافیا نەتەوەییەی نەگرتۆتەوە و لە ئێستاشدا ڕاسانی ڕۆژهەڵات لە سەرەتاکانیدایە و هێشتا جوغرافیایەکی بەربڵاوی لەبەردەمدایە کە بخزێتە نێویەوە. جیا لەوەی کورد لە شارەکانی تاران و قەزوین و ئیسفەهانیش هەن و بەتایبەت لە باکووری خوراساندا بە سەدان هەزار کەسن کە دەسەڵاتدارانی ئێران لە خاکی خۆیان دەریان کردوون و دووریان خستوونەتەوە.

کە ئاوڕ لە خەبات و سەرهەڵدانی نەتەوەیی کورد دەدەیتەوە، جوغرافیای نەتەوەیی و جوغرافیای شۆڕشەکەی لە بڕگە جیاوازەکانی مێژوودا، بە هۆکاری جۆربەجۆر هاوتا نەبوون و جوغرافیای شۆڕشەکەی هەموو جوغرافیای نەتەوەییەکەی دانەپۆشیوە. لەولاشەوە، دوژمنی سەرەکیی کورد، ڕێژیمی سەرەڕۆی تاران، بەردەوام هەوڵی داوە کە جوغرافیا نەتەوەییەکەی کورد هەڵوەشێنێتەوە و لێکیان داببڕێ و لە شۆڕشیان دوور بخاتەوە.

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، مەشخەڵداری شۆڕشە و ئەرکی سەرەکیی پێشمەرگە بووە کە بە درێژایی دیرۆکی سەرهەڵدان، مەشخەڵی شۆڕش بباتە هەموو قوژبنێکی نیشتمان. بەڵام لە ئێستا و لەم سەدەیەی نوێدا و بە هەزاران ئاڵوگۆڕ لە بناخەکانی زانیاری و تێگەیشتنی کۆمەڵگا و ئامرازەکانی پێوەندی و .... ڕوویان داوە و بەتایبەت لە ڕاسانی نوێی ڕۆژهەڵاتدا، جیا لە پێشمەرگە، ئەرکی بەشەکانی دیکەی کۆمەڵگاشە کە مەشخەڵانی شۆڕش پر ڕووناکی و بەگوڕ و تینتر بکەن.

شۆڕشی نەتەوەیی دێموکراتیک، شۆڕشێکە بۆ ئەوەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای کوردستان بە ئاسوودەیی بژین و شۆڕشێکە بۆ وەدەستخستنی ئازادی بۆ هەموو بەشەکانی کۆمەڵگای کوردستان.

شۆڕشی نەتەوەیی دێموکراتیک، شۆڕشێکە لە پێناوی سەلماندنی کەرامت و بوونی نەتەوەییدا و بۆیە بە دۆزینەوەی ڕێگا و میکانیزمی بەشداریی هەمەلایەنە دەتوانێ گەشەدارتر و لە سەرکەوتن نزیکتر بێتەوە. ڕاسانی ڕۆژهەڵات دەبێ هەنگاو بە هەنگاو و قۆناغ بە قۆناغ، جوغرافیای شۆڕش و جوغرافیای نەتەوەیی هاوتا بکاتەوە.