کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆدۆکارێکی کوردی خەڵکی خوراسان ماڵاوایی لە دنیای وەرزش کرد

18:35 - 5 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: وەرزشوانێکی کوردی خاوەن میداڵی بڕۆنزی جیهانی، بەهۆی پێشگرتن لە ڕۆیشتنی بۆ کێبڕکێیە جیهانییەکان، ماڵاوایی لە دنیای وەرزش کرد.

"محەممەد مێهدی بریمانلوو"، جۆدۆکاری کوردی خەڵکی  شاری بۆجنووردی پارێزگای خوراسان کە خاوەنی چەندین میداڵی نێوخۆیی و جیهانی لەو وەرزشەدایە، بۆ بەشداری لە کێبڕکێیە جیهانییەکان، لە لایەن ئێرانەوە پێشی پێگیرا و سەرەنجام ناوبراو وازی لە دنیای وەرزش هێنا.

ماڵپەڕی "جۆدۆ ئینساید"، هۆکاری سڕینەوەی ئەو پاڵەوانەی کوردی خوراسانی، بۆ هاوگرووپی بوون لەگەڵ ڕکابەرێکی ئیسرائیلی گێڕاوەتەوە و نووسیویەتی: "کات و ساتێکی زۆر خەمناک بۆ دنیای وەرزشە، لە کاتێکدا کە ئێران لە ڕێککەوتندا لەگەڵ فێدراسیۆنی جیهانیی جۆدۆ، ڕێزدانان بۆ یاساکانی ئولەمپیک و نەبوونی هەڵاواردنی قبووڵ کردبوو".

فێدراسیۆنی جۆدۆی ئێران، لە چەواشەکارییەکی ئاشکرادا، هۆکاری بەڕێ نەکردنی "بریمانلوو"ی بۆ ئامادەنەبوونی پاسپۆرتەکەی گێڕاوەتەوە، بەڵام ئەو وەرزشوانە لە لاپەڕەی فەرمیی ئینستاگرامی خۆیدا، ئەو ئیدعایەی فێدراسیۆنی وە درۆ خستووەتەوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، دوو ساڵ پێش ئێستا، "جەواد مەحبووب"، یەکێک لە کوردەکانی خەڵکی خوراسان، کە لە کێبڕکێیەکانی جۆدۆ لە ئاستی دنیادا ناوێکی وەرزشیی هەبوو، بەهۆی نەبوونی پاڵپشتی، ماڵاوایی لە دنیای وەرزش کرد.