کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جۆراوجۆری مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، لە ٢٠ جۆر بەرز بووەتەوە بۆ ٧٠٠ جۆر

11:59 - 27 پووشپەڕ 2718

کوردستان میدیا: وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردووە: کە جۆراوجۆریی مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا، ڕوویان لە زیادبوونە.

عەبدولڕەزا ڕەحمانیی‌فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیم، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییە نێوخۆیییەکانی ڕێژیم باسی لەوە کردووە، کە جۆراوجۆری مادە هۆشبەرەکان لە ئێراندا ڕوویان لە زیادبوونە و لە ٢٠ جۆرەوە گەیشتووە ٧٠٠ جۆرەوە.

ئەم ئامارەی کە لە لایەن ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بڵاو بووەتەوە، لە حاڵێکدایە کە بەکارهێنەرانی ئەم مادانەش لە ئێراندا ڕوویان لە زیادبوون کردووە و تەمەنی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان گەیشتووەتە خوار تەمەنی ١٥ ساڵ و لە نێو قوتابییان ڕۆژ بە ڕۆژ بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان زیاتر دەبێتەوە.

هەرچەند ڕێژیم ئامارێکی ڕاستەقینە لە ڕێژەی بەکارهێنەرانی مادە هۆشبەرەکان بڵاو ناکاتەوە، بەڵام لە فەزای گشتیی کۆمەڵگای ئێراندا بە ڕوونی دیارە کە گیروودەبووان بە مادەی هۆشبەر لە نێو لاوان زیاتر بووە و ڕوویان لە بەکارهێنانی مادە هۆشبەرە سەنعەتییەکان کردووە.

دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران، هۆکاری سەرەکیی زۆربوونەوەی جۆرەکانی مادەی هۆشبەر و بڵاوبوونی لە نێو کۆمەڵگایە و بەرپرسانی ڕێژیم، بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران وەکوو مافیای مادەی هۆشبەر لە ئێراندا و ناوچەکە چالاکی دەکەن و داهاتی بازەرگانی بە مادە هۆشبەرەکان بۆ کاروباری تێرۆریستی لە ناوچەکە و جیهاندا بەکار دەهێنن.