کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیاوازییەکانی نێوان توندوتیژیی سیاسی و تیرۆریزمی نێونەتەوەیی

19:04 - 7 گەلاوێژ 2719

لوقمان مێهفەر  

لە سەرەتای باسەکەدا پێویستە تایبەتمەندییەکانی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و توندوتیژیی سیاسی لێک جیا بکەینەوە دواتر لەژێر تیشکی ئەم دوو چەمکەدا شیکردنەوە بۆ جووڵانەوەی چەکداری ڕزگاریخوازی نیشتمانی بکەین. پەیوەندی ئەم دوو چەمکە لەوەدا بەدی دەکرێت کە تیرۆریزم بەبێ توندوتیژیی ناکرێ، واتە توندوتیژیی ئامرازێکە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک، بەڵام ناکرێت توندوتیژیی ڕەوایی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا بە تیرۆریزم لە قەڵەم بدرێ، ئەمەش بەو مانایە دێت کە هەموو پڕۆسەیەکی توندوتیژیی سیاسی نابێ بە کاری تیرۆریستی لە قەڵەم بدرێ.

بەپێی ئەم نێوەڕۆکە بەو قەناعەتە دەگەین کە جیاوازییەکی تەواو لە نێوان دوو چەمکی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و توندوتیژیی سیاسیدا هەیە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانین کە لێکدانەوەیەکی تایبەتی بۆ چەمکی توندوتیژیی سیاسی بکەین پاشان لەگەڵ تیرۆریزمی نێونەتەوەیی بەراوردی بکەین کە بزانین جیاوازییەکەیان لە کوێدایە؟

یەکەم/ توندوتیژیی سیاسی لەڕووی زمانەوانییەوە:

چەمکی توندوتیژی لە بازنەی ئەو هەڵسوکەوتانەدایە کە توندی، ڕەقی و زەبروزەنگ نواندن لەخۆ دەگرێ.

لە رووی ماناییشەوە (Violence) بەمانای توندوتیژیی دێ کە لەئەسڵی وشەی (Violentia)ی لاتینییەوە وەرگیراوە کە بەمانای بەکارهێنانی هێزی ماددی دێت بەشێوەیەکی  ناڕەوا.   

دووهەم/ لە رووی تیۆرییەوە: هەموو ئەو کار و کردەوانە لە خۆدەگرێ کە هێزی توندتیژیی و زەبروزەنگی تێدا بە کار دێت و بەشێوەیەکی گشتی( مەعنەوی وماددی)  شێوازێکی تاکی یان کۆمەڵی لە خۆ دەگرێ. لێرەدا گرینگە جیاوازی لە نێوان دوو جۆر لە توندوتیژییدا بکرێت، کە ئەوانیش توندوتیژیی ماددی و توندوتیژیی سیمبولیک (رەمزی)یە.

توندوتیژی ماددی زەرەرێکی بابەتیانە دەگەیەنێتە کەسی بەرامبەر وەک لێدان لە بەرژەوەندی،بەڵام توندوتیژی سیمبولیک کاریگەرییەکی سایکۆلۆژی لێدەکەوێتەوە.

لەو شیکردنەوەیدا ئەو راستیە روون دەبێتەوە کە توندوتیژیی بە دوو شێوەی جیاواز لەیەکتری ئەنجامدەدرێ کە گومانی تێدا نییە ئەوەش بە پێی سروشت و تایبەتمەندیەکانی ئەو ئامانجانەی کە دەخوازرێ بهێنرێنە دی دەگۆڕێت و پێدەچێت لە زۆر کاتدا بەکار هێنانی توندوتیژی سایکۆلۆژی

قۆناغێک بێ بەرەو تەمرینکردنی توندوتیژیی ماددی بەڵام لەئاکامدا هەردوو جۆرەکە ئامانجیان گەیشتنە بەو داواکارییانەی کە لە ڕێگای بەکار هێنانی هێزەوە هەوڵیان بۆ دەدرێ.

"دوکتورعبدالرضا الطعان" لە کتێبی "مفهوم الثورە" بۆ پڕۆسەی توندوتیژیی ئاماژە بە بۆچوونی  "کارل فۆن کلاوزۆ وتیس " دەکات کە پێیوایە توندوتیژیی ڕوویەکە لە ڕوویەکانی شەڕ، ئامانجیش ملکەچپێکردنی دوژمنە بۆ ویست و ئیرادەی بکەر.

"تیت هنور"یش لە کتێبەکەیدا بەنێوی "النعف السیاسی" پێیوایە کە توندوتیژیی بریتیە لە پەنابردنێکی مەترسیدارانە لەلایەن دەسەڵاتەوە، بۆتێکشکانی هێز و توانای تاکەکانی دژبەر کە بە گوێرەی یاسا بەکارهێنانی قەدەغەکراوە و ئامانج لێی پێکهێنانی گۆڕانکاریەکە کە لە بیر و هزری تاکەکانی کۆمەڵگادا جێ بگری.

بێگومان ئاسەوارەکانی توندوتیژیی سیاسی لە سەر هەردوو ئاستی نێوخۆیی و نێونەتەوەیی جیاوازییان هەیە چ لە ڕووی ئامرازەوە، چ لەبواری سروشت و ئەو ‌ئامانجانەی کە لە پشت سەریەوە هاندەری سەرهەڵدانیەتی. لەئاستی نێوخۆیی لە شێوازی خۆپێشاندان، کودەتا، شۆڕش و شەڕی نێوخۆییدا خۆدەنوێنی.

لەئاستی نێونەتەوەییدا شوێنەوارەکانی زۆر زەحمەت لەقاو دەدرێن بەڵام دەکرێ ئاماژە بە بەرچاوترین نموونەکانی بکرێ کە بەدرێژایی مێژوو لە پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا ڕوویانداوە و کاریگەرییەکی راستەوخۆیان لە پێکهێنانی گۆڕانکارییەکاندا هەبووە کە بریتین لە شەڕ بە هەموو جۆرەکانییەوە هەروەها کۆنتڕۆڵکردن و بە موستەعمەرەکردنی دەوڵەتە بچووکەکان لەلایەن دەوڵەتە زلهێزەکانەوە کە بەسەر چارەنووسیاندا زاڵبوون.

کەوابوو تیرۆریزم لەبەرئەو تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتییەی کە هەیەتی تێکەڵاوە، بە جۆرێک‌ ناڕوونە کە هیچ لایەنێک لە شێوەی قالبێکی دیاریکراو و ڕەهادا(مطلق) ناتوانێ پێناسەیەکی تەواوی بۆ بکات، چونکە فاکتەری ئەو ئاڵۆزی ‌و ناڕوونیانە بە پلەی یەکەم دەبنە هۆی تێکەڵاوی تیرۆریزم لەگەڵ دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی دیکەی وەک چالاکی و جووڵانەوەی شۆڕشگێڕانە و ڕزگاریخوازانە. لە لایەکی دیکەوە توندوتیژیی سیاسی ‌و شەڕی پارتیزانی و شەڕی رێکخراوەیی کە لە ئاکامدا ئەرکی دیاریکردنی خەسڵەتەکانی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی بۆ لێک جیاکردنەوە دژوارتر دەکات.

بۆ ئەوەی ئەو تایبەتمەندییانە شی بکەینەوە پێویستە لێکدانەوەیەکی ورد بۆ هەریەک لەو چەمکانەی کە ‌لە سەرەوە هاتوون بکەین و خاڵە جیاوازەکانیان دەسنیشان بکەین.

بەشی یەکەم/ تیرۆریزمی نێونەتەوەیی وتوندوتیژیی سیاسی

بەشی دووهەم/ تێرۆریزمی نێونەتەوەیی ‌و چالاکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە.

بەشی یەکەم / لێکۆڵەرەوەکان زەحمەت و ماندوبوونێکی زۆریان بینیوە بۆ لێکدانەوەی هەریەک لە چەمکی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی وتوندوتیژیی سیاسی، لەپێناو گەیشتن بە ئاکامێک کە هەریەک لەو دوو چەمکە وەک خۆی بناسرێ، بەو پێیەش کە هەر دوو چەمکەکە ئاڵۆز و تێکەڵاو بوونە. هێندێک لە لێکۆڵەرەوەکان لە سەرەتای ئایدیۆلۆژییەکی تەسکەوە هەر دوو چەمکەکە لە یەک ساتدا دەبیننەوە و هەموو خاڵە جیاوازەکانی نێوانیان ڕەتدەکەنەوە لەسەر ئەو بنەمایەی کە هەردووکیان لە ئاکامدا یەک ئامانج ومەبەستیان هەیە، بەڵام لە ڕاستیدا دەکرێ جیاوازییەکی زانستییانە لەنێوان هەردوو چەمکەکەدا بەدی بکرێت، هەر لە ناساندنی بنەما و تایبەتمەندییەکانیانەوە بگرە تا دەگاتە دەرئەنجام و کاریگەری ئاسەوارەکانی هەریەکەیان. لێرەدا تەنیا مەبەست وئامانجەکانی توندوتیژیی سیاسی ‌کە لە بزووتنەوەیەکی ڕزگاریخوازی نیشتمانیدا بەڕێوەدەچێ شی دەکەینەوە و لەوانەی دیکە خۆدەبوێرین.

لێرەدا ڕەوابوونی ڕەوشت و سیاسەتی خەباتی ئەو گەلانەمان بۆ روون دەبێتەوە کە لە دژی ڕێژیمە ‌داگیرکەر، ڕەگەزپەرست و مافپێشێلکەرەکان یاخود ئەو ڕێژیمانەی کە بە هەر شێوەیەک ماف و ئازادییەکانی مرۆڤ بە هەموو ئەو کەرستانەی کە لەبەر دەستیاندایە بەهێزی چەکداریشەوە پێشێل و زەوت دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە جەخت لەسەر تێگەیشتنی خەباتی ڕەوای چەکداری بکرێتەوە، ئەویش بە بەکارهێنانی ئەو ڕێنوێنیانە کە لە بڕگەکانی (ڕێککەوتننامەی ساڵی‌‌‌۱۹٤۹ی ژنێڤ وهەر دوو پرۆتۆکۆلی پاشکۆیدا هاتووە) ئەگەرچی هەندێک گروپ ئەو سنوورە دەبەزێنن و بۆ مەبەستی تایبەتی و بەجێهێنانی بیرۆکەی خۆیان کەڵکی خراپ لەو بڕگانە وەردەگرن و چالاکییەکانیان دژی ژنان، منداڵان و هاووڵاتیانی سڤیل و بێتاوان بەڕێوەدەچێ، هەروەها داڕشتنی پلان بۆ ڕفاندنی فڕۆکە و بە بارمتەگرتن کە هەموویان دەکەونە خانەی تیرۆریزمەوە، هەر بۆیە ئەو جۆرە کردەوە توندوتیژانە شێوەی تاوان بەخۆوە دەگرێ و لەگەڵ ‌ڕەوشی مرۆڤایەتی لە ناتەباییدایە. ئەم کردەوانە بەهەر هۆ و پاڵنەرێکیشەوە بەڕێوەبچێ ناکرێ بە کار و چالاکی سیاسی لەقەڵەم بدرێ و پاساوی بۆ بهێنرێتەوە چونکە لەڕاستیدا مەحکوم بە نەکردنە کەوابوو ناکرێ سیفەتی ڕەوایی بوونی پێبدرێ؛ بەڵام لە جووڵانەوەیەکی ڕزگاریخوازیدا بکەر بەرگریی لەو ماف و ئەو ئازادییانە دەکات کە لە تاک و کۆی کۆمەڵگا زەوت کراوە، ‌وەک‌ مافی  دیاری کردنی چارەنووسی ‌گەلانی ژێردەست، ڕزگارکردنی خاکە ‌داگیرکراوەکان، هەروەها بەرەنگاری و بەرپەرچدانەوەی هێرشی دوژمنی ‌داگیرکەر.

ئەو جۆرە بزووتنەوانە کە بە ئەرکی خۆیان دەزانن لە بەرامبەر چەند مافێکدا کە لێیان پێشێل و زەوت کراوە بەرگرییەکی ڕەوا بکەن کەچی یاسای نێونەتەوەیی بۆ تاکەکان و بۆ دەوڵەتان لەو پەیوەندییەدا بڕیاریان هەیە کە بەگوێرەی بڕگەکانی ئەو یاسا نێونەتەوەییانە کە لەسەری ڕێککەوتوون مافی بەکارهێنانی ڕەوایی هێزیان پێدراوە.

بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتر، خاڵە جیاوازەکانی ئەو دوو چەمکە لەیەکتر جیا دەکەینەوە کە بریتین لە:

۱- زۆربەی فاکتەر و ئامانجی بەڕێوەبردنی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی سەرنجڕاکێشانی ڕای گشتی جیهانییە بەلای ڕەهەند ولایەنەکانی دۆزەکەدا، جیاواز لەو ئامانجانەی کە بکەرانی پڕۆسەی توندوتیژی سیاسی ئەنجام دەدەن.

۲- تیرۆریزمی نێودەوڵەتی ئاڕاستەی بەرژەوەندییەکی تایبەتی دەوڵەتێک یان دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیی دەکرێ کەچی توندوتیژی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی ماف وئازادییەکانی نەتەوەیەک، چینێک یان توێژێکی دیاریکراو تێدەکۆشێ.

۳- پڕۆسەی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی لە هێندێ بواردا هەوڵ دەدات کاریگەری لەسەر باری دەروونی جەماوەر دابنێ لەکاتێکدا ئەم جۆرە بیرکردنەوە لە پڕۆسەی توندوتیژی سیاسیدا بەدی ناکرێ.

٤- تیرۆریزمی نێونەتەوەیی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئامانجێکی سیاسی لەپشتەوەیە و هەندێک جار سنووری ئەو ئامانجە دەبەزێنێ و لە نێوان چەکدار و کەسانی مەدەنیدا جیاوازی ناکات و لەوێوە ڕەهەندێکی جیهانی بە پڕۆسەکە دەبەخشێ، هەرچی توندوتیژیی سیاسییە لە بەدیهێنانی ئامانجێکی سیاسی دوور ناکەوێتەوە زۆرتر حاڵەتێکی نێوخۆیی هەیە تاوەکوو ئاستێکی جیهانی.

‌‌‌٥- لەبەرچاوترین دەرکەوتەکانی پڕۆسەی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی ڕفاندنی فڕۆکە، دانانەوەی بۆمب، بارمتەگرتن و تیرۆرکردنی کەسایەتییە سیاسییە جیابیر و دژبەرەکانە، کە لە ئاکامدا تا ڕادەیەکی زۆر کاریگەری لەسەر ڕەوشی ناوچە و باری ڕۆحی و ڕەوانی جەماوەر دادەنێ.

بەشی دووهەم/ جیاوازی تیرۆریزمی نێونەتەوەیی و چالاکی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانە.

بەدوای سەرهەڵدانی دیاردەی ئێستیعماری (کۆلۆنیالیزم) لە‌دنیادا، جووڵانەوەی ڕزگاریخوازیی گەلان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە پێناوی سەربەخۆییدا هاتنە ئاراوە و دژی ئەو هێزە ئێستیعماریانە کە نیشتمانیان داگیرکردبوون، شۆڕش و ڕاپەرینیان دەست پێکرد.

قسەی تێدا نییە کە هەموو ئەو دەوڵەتە ئێستعمارییانە کە بەدرێژایی مێژوو لە پێناوی داگیرکردنی خاک و هەروەها کەڵکوەرگرتن و بەتاڵانبردنی سامانی دەوڵەتەکانی موستەعمرە بەردەوام لە هەوڵی بەرینکردنی سنووری دەسەڵاتیاندا بوونە بۆیە بەتێکڕای ئەو راپەرین و جووڵانەوە چەکدارییانەیان کە بۆ ڕزگاری نیشتمانی و ئازادی و مافی نەتەوایەتی خەباتیان کردووە بەدژی خۆیان زانیوە، بەکار و کردەوەی تیرۆریستییان داناوە و بە کردەوەیەکی دژی یاسای نێونەتەوەیی لەقەڵەمیان داوە.

ئەوەی پێویستە ڕوون بکرێتەوە جیاوازیدانانە ‌لەنێوان ئەو چالاکییانەی بزووتنەوە سیاسییەکان لەپێناو زامنکردنی مافی چارەنووسیان بەڕێوەی دەبەن چونکە ئەو چالاکییانەی کە دەوڵەتە خاوەن دەسەڵاتەکان لەپێناو مانەوەی خۆیان لەسەر گەلانی ژێردەست پەیڕەوی دەکەن، لە ڕوانگەی خۆیانەوە بەڕەوا دادەنێن کەچی بزووتنەوە سیاسییەکانی گەلانی ژێردەستە بە ناڕەوا و تاوان دەژمێردرێن. لەبەرامبەر ئەوەشدا بۆچوونێک هەیە کە جیاوازی ناکات لە نێوان چالاکی ئەو دوو لایەنەدا و هەموویان بەتێکڕا بە تیرۆریزمی نێونەتەوەیی دەزانێ بەڵام لەو پەیوەندییەدا نەزەر و بۆچوونێکی بەهێز و جیاوازی دیکەش بەپێی بڕگەی یاسا نێونەتەوەییەکان لە سەر جووڵانەوەکان هەیە، هەموو ئەو بزووتنەوانەی کە دەوڵەتان ئێعترافیان پێکردوون، وێڕای چالاکیەکانیان بۆ گەیشتن بە مافی چارەنووس بە ڕێگایەکی شیاو و بەرحەق دادەنێن.

بۆ جیاکردنەوەی چالاکی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان و تیرۆریزم پێویستە لە پێشدا لە سروشتی خەباتی ڕزگاریخوازی تێبگەین و ڕەهەندەکانی شی بکەینەوە.

خەباتی ڕزگاریخوازی بریتییە لە هەموو ئەو چالاکییە چەکدارییانەی کە ڕەگەزە گەلییەکان دوای ئەوەی بە هیچ شێوەیەکی مەدەنی وسەردەمیانە ڕێگای چالاکی سیاسی وتەشکیلاتییان پێنادرێ ناچار پەنا دەبەنە بەر خەباتی چەکداری کە پلەی هەرە توندوتیژی خەباتی سیاسییە بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی داگیرکردنی خاکی نیشتمان لە لایەن هێزی دەرەکی یان دەسەڵاتی حاکم. ئەم جۆرە خەباتەش پەیوەستە بە مافی بڕیاردانی چارەنووس کە بەو مانایە دێت هەموو گەلان دەسەڵاتی دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان بەبێ دەستێوەردانی بیانی هەبێ.

هەندێک لە نووسەر و شارەزایانی یەکیەتی سۆڤیەتی پێشوو خەباتی چەکداری یان شەڕی ڕزگاریخوازیان بەو شێوەیە پێناسە کردووە: ئەو شەڕانەی بۆ بەرگریکردنی گەل دژی هێرشی بیانی هەڵدەگیریسێ، یا خۆڕزگارکردنی گەلانە لە ژیانی کۆیلایەتی و سەرمایەداری، لەپاشان ڕزگارکردنی دەوڵەتە داگیرکراوەکان و ناسەربەخۆکانە لەژێر دەستی ئێستعمار .

لەژێر ڕووناکی ئەو دەقەی سەرەوەدا دەگەینە ئەو راستییە کە هەموو ئەو خەبات وتێکۆشانە بە مەبەستی بەدەستهێنانی مافێکە کە زەوتکراوە ‌و ‌دوورە لە سیاسەتێکی پاوانخوازی کە دەکەونە نێو بازنەی پڕەنسیپی مافی چارەی خۆنووسین. لەواقیعدا ئازادیخوازەکان لەبنەڕەتدا بڕوایان بە بەکارهێنانی ئەو جۆرە توندوتیژییە نییە، بۆ نموونە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە خاوەنی کۆماری کوردستان و ۷٤ساڵ خەباتی بێوچانە هەمیشە گوتویەتی و باوەڕیشی بەو ئەسڵە هەیە (کە پرسی کورد ڕێگاچارەی نیزامی نییە بەڵکوو ئاخریەکەی ڕێگایەکی ئاشتیخوازانەیە) بەداخەوە لەو نیەتپاکییەی حیزبی دێموکرات، کۆماری ئێسلامی ئێران کەڵکی خراپی وەرگرت و سکرتێری گشتی ئەوکاتی حیزب دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵا قادری نوێنەری حیزب لە ئورووپا لەگەڵ دوکتور فازل ڕەسول کوردی باشوور لە رێکەوتی ۲۲ی پوشپەڕی۱۳٦۸هەتاوی بەرامبەربە ۱۳ی ژوئیەی ۱۹۸۹زائینی لە وییەن پێتەختی وڵاتی ئۆتریش(نەمسا) لەسەر مێزی وتووێژ بە دەستی دیپلۆماتە تیرۆریستەکانی کۆماری ئێسلامی شەهید کران.

لەگەڵ ئەوەش حیزبی ئێمە وەک ئەسڵێک لە وتووێژ دەڕوانێ و بە یەکێک لەڕێگەکانی چارەسەرکردنی دۆزەکەی دادەنێ. چونکە دەسەڵاتدارانی حاکم بەسەر کوردستان دەبێ ئەو راستییە قەبووڵ بکەن کە جووڵانەوەی نەتەوایەتی کورد جووڵانەوەیەکی ڕەوا و بەرحەقە و زوو یا دەرنگ دەبێ مل بۆ ویست و داخوازییەکانی گەلی کورد ڕاکێشن. بێگومان تا ئەو کاتە مەشخەڵی داگیرساوی دەستی کچان و کوڕانی شار و شاخ لەژێر ناوی ڕاسان هەر گەشاوە دەبێ. لەو پەیوەندییەدا بەجێیە ئاماژە بەنموونەیەک بکەین لە ساڵانی ۱۹۷٤بۆ  ۱۹۷٥وەفدی پارتی دێموکراتی کوردستان لە باشوور بە سەرۆکایەتی حەبیب کەریم کە بۆ وتووێژ لە بەغدا بوون، لە ئاخری کۆبونەوەکەدا سەدام حوسین رووی کردە حەبیب کەریم گوتی نازانم تۆ کێی و نوێنەری کام هێزی کە ئەو داواکارییانە لە من دەکەی، لە وەڵامدا حەبیب کەریم گوتی" من نوێنەری ئەوهێزەم کە لەو شاخەیە و تۆی وادار کردووە کە من بانگ بکەیه سەر ئەو مێزە".

ئەوەی ئەو ئاکامە بەهێز دەکا ئەو پشتگیرییە یاساییە نێونەتەوەییە، کە لە میساقی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان و ژمارەیەک لە بەیاننامە و ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتییەکان بەچەندین بڕیارەوە تەئکیدیان لە پڕەنسیپی مافی چارەنووسی گەلان کردووە و پشتگیری لە هەموو ئەو پڕۆسانە کردووە کە بەو بوارانەدا گیراونەتەبەر؛ بۆ وێنە لە بڕگەی ۲ی مادەی ۱ و مادەی ٥٥ دا ئاماژەی بەگرینگی مافی چارەی خۆنووسین کردووە.

دەڵێ لە خەباتی ڕزگاریخوازیدا نابێ زیان بە کەسانێک بگەیەندرێ کە هیچ پەیوەندییەکی بەو ململانێ و ناکۆکیانەوە نییە، وەک ڕفاندنی فڕۆکەی نەفەرهەڵگر و هەستان بە ئەنجامدانی تەقینەوە دژی گیانی هاووڵاتیان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و گرتن و کوشتن بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ، لە ئەنجامدا ئەو پڕۆسەیە دەبێتە لادان لە یاساکانی شەڕ و دەرچوونە لە ئوسول و پڕەنسیپی شەڕ کەواتە دەکەوێتە نێو خانەی توندوتیژی و کاری تیرۆریستییەوە.

کورتە کەلام؛ کۆمەڵگای نێونەتەوەیی لە زۆربەی ئەو ڕێککەوتننامانە و میساقی ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکاندا پشتگیری لە چالاکی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکان دەکات کە ڕێسا ویاسا نێونەتەوەییەکان ڕەچاو دەکەن و لەهەمانکاتدا خەبات بۆ داخوازییە ڕەواکانیان دەکەن، بەڵام تیرۆریزم مەحکوم دەکەن چونکە بە کردەوەیەکی دژی مرۆڤایەتی دەزانن.

سەرچاوەکان : 

١- تیرۆری نێودەوڵەتێ

 ٢-گۆڤاری یاسا،ژمارە۷-۸

۳-حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ،بەڵگەنامەکانی کۆنگرەی حەوتەم.

٤-مێژووی کورد لە سەدەی۱۹ هەتا۲۰

 ٥- میکۆنووس بکوژانی شەرەفکەندی ریسوا دەکا