کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جیرەبەندیی ئاو لە ئێراندا دەستی پێ کردەوە

12:49 - 30 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ئیدارەی ئابفای ئابادان ڕایگەیاندووە، کە بە هۆی کەمیی ئاو، ئاوی خواردەمەنی لە ئابادان جیرەبەندی دەکرێت.

ڕۆژی سێشەمە، ڕێکەوتی ٢٩ی جوزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، ئیدارەی ئابفای ڕێژیم لە ئابادان، ڕایگەیاندووە: بە هۆی سوێربوونی لەڕادەبەدەری ڕووباری بەهمەنشیر، بەکارهێنانی ئاوی ئەو ڕووبارە بۆ خواردن نابێت و  ڕێژەی ئاو کەم بووەتەوە، بۆیە هەتا دوایین ئاگاداری، ئاو لە ئابادان جیرەبەندی دەکرێت.

وشکەساڵی و بەتایبەت پرۆژە ئاوییە ناکارناسانەکانی ڕێژیم و گواستنەوەی ئاوی ڕووبارەکان، زۆرینەی ناوچەکانی ئێرانی تووشی قەیرانی کەمئاوی کردووە؛ لە سەرەتای ئەمساڵدا، بەرپرسانی ڕێژیم، هۆشداریان دابوو کە ئەگەری جیرەبەندی ئاو لە هەندێک لە ناوچەکانی ئێراندا هەیە؛ بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم، تەنیا ئاماژە بە وشکەساڵی دەکەن و کەمتەرخەمییەکان و پرۆژە هەڵەکانی خۆیان بە هۆکاری کەمئاوی نازانن، لە حاڵێکدا سەرەکیترین هۆکاری قەیرانی ئاو لە ئێراندا، پرۆژەی بەنداوەکان و گواستنەوەی ئاوی ڕووبارەکانە.

جیرەبەندی ئاوی ئابادان، لە حاڵێکدایە کە زیاتر لە یەک مانگە، کە ئاوی خواردەمەنی شارەکانی ئابادان، خوڕەمشەهر، ئەهواز و شادگان، ڵێڵ و سۆێرن و ٣١ گوند لە ئابادان، کێشەی ئاوی خواردەمەنیان هەیە.

بە هاتنی وەرزی گەرما لە ئێراندا، قەیرانی کەمئاوی هەستیارتر دەبێت و ڕێژیم بەبێ ئەوەی پێشتر بیر لەو ڕۆژانە بکاتەوە، ئێستا کە کەمئاوی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ زیاتر دەبێت، هیچ رێکارێکیان نییە و بە جیرەبەندی گوشار دەخەنە سەر خەڵکەوە.