کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەیمز مەتیس تۆمەتەکانی ڕێژیمی ئێران بە گاڵتەجاڕ دەزانێت

12:07 - 3 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران دژکردەوەکانی گەڵانی ئێران لە هەمبەر خۆی بە تێرۆر ناو دەبات و شۆڕشگێڕانیش بە مۆرەی وڵاتانی دەرەکی دەزانێت.

وەزیری بەرگریی ئامریکا، جەیمز مەتیس، لە کۆبوونەوەیەکی هەواڵیدا، تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی ڕێژیمی ئێرانی لە پێوەندی لەگەڵ تەقە و دەسڕێژ لە کاتی ڕێژەی نیزامییانی رێژیم لە شاری ئەهوازی بۆ سەر وڵاتەکەی خۆی بە گاڵتەجاڕ پێناسە کرد و باسی لەوە کردووە، کە نیگەرانی هەڕەشە و دژکردەوەکانی سپای پاسداران نین.

بەرپرسانی ڕێژیم، وەک هەمیشە و پاش تەقەکردنی چەند چەکدارێکی نەناسراو بەرەو شوێنی ڕاوەستانی بەرپرسانی سپای پاسداران لە شاری ئەهواز، لە ڕێکەوتی ٣١ی خەرمانان و کوژرانی و برینداربوونی چەند ئەندامێکی سپای تێرۆریستیی پاسداران، دەستی تاوانیان بەرەو وڵاتانی دیکە ڕاکێشا و ئەو کەسانەی کە ئەم ئۆپراسیۆنەیان ئەنجام داوە بە مۆرە و ملکەج وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکانی دنیا تاوانبار کردووە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران، عەلی خامنەیی، ڕۆژی دووشەممە وتوویەتی: هۆکارەکانی ئەم هێرشانە دەستیان لە گیرفانی عەرەبستان و ئەماراتە.

لە هەمان ڕۆژدا حوسێن سەلامیش فەرماندەی سپای پاسداران؛ عەرەبستان، ئامریکا و ئیسرائیلی لە پێوەندیی لەگەڵ ئەم هێرشە بە تاوانبار ناساندوون و هەڕەشەی کردووە، کە چاوەڕوانی دژکردەوەی توند لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بن.

ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدا وڵاتانی درەوەی وەکوو ئامریکا بە پشتیوانی ئەم هێرشە دەزانێت، کە زۆربەی بەرپرسانی ئامریکا ئەم تۆمەتانەیان ڕەت کردووەتەوە و ئەم جووڵە و ئۆپراسیۆنانە بە دژکردەوەی خەڵک لە هەمبەر سیاسەتە هەڵەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی دەزانن.

لەم پێوەندییەدا نیکی هێلی نوێنەری ئامریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە وڵامی ئەم تۆمەتانە بە حەسەن ڕۆحانی وتووە: "تا دەتوانن تاوانەکان بخەنە ئەستۆی ئێمە، بەڵام خۆتانیش لە ئاوێنە ببیننەوە".

مایک پۆمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕۆژی دووشەممە ٢ی ڕەزبەر، ڕۆژێک پێش لێدوانی ترامپ لە کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بە جەختکردنەوە لەسەر سیاسەتەکانی ترامپ وتوویەتی: ئامانج لە گوشارهێنان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران گۆڕینی سیاسەت و هەڵسوکەوتی ئەم ڕێژیمە و ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی لە تێرۆریزمە.