کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جینایەتکاری کۆمەڵکوژیی قاڕنێ و قەڵاتان مرد

12:51 - 1 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: ئاخوند "غوڵامڕەزا حەسەنی"، یەکێک لە جینایەتکارانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە کوردستان مرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، ئاخوندی سەر به ڕێژیمی ئێران، "غوڵامڕەزا حەسەنی" ناسراو بە "مەلا حەسەنی" لە تەمەنی ٩١ ساڵێدا لە شاری ورمێ مرد.

ئاخوند حەسەنی، هەتا قۆناغی پۆلی شەشەم دەرسی خوێندووە و دواتر لە حەوزەی "علمیە قم" لە لای ئاخوند شەریعەتمەداری دەرسی ئایینی دەخوێنێت و پلەی "ڕۆحانییەت"ـی پێ دەدرێت.

حەسەنی لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی لەگەڵ چەک ژیانی کرد و هیچ کات لە ژیانیدا لە کۆڕ و کۆبوونەوەکاندا بهبێ چەک ئامادە نەبووه، واتە ئاخوندێکی چەکدار و خوێنڕێژ بووە.

ئاخوندی خوێنڕێژ، حەسەنی لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بە فەرمی وەک نوێنەری ئایینیی خومەینی بۆ پارێزگای ورمێ دیاری کرا و وەک ئاخوندێکی ئایینیی ـ سیاسی تێکەڵاو بە بیری چەقبەستووی خومەینیزم لە کوردستان‌دا دەستی بە شەڕ و ئاژاوەنانەوە کرد و دەیان لاوی کورد بە دەستی ناوبراوەوە خوێنیان ڕژا.

ئەو بەرپرسەی جەلادەی ڕێژیم، یەکێک لەو کەسانە بووە کە ڕۆڵێکی سەرەکی لە شەڕ لە کوردستاندا هەبووە و دژی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران شەڕی کردووە.

ڕەشترین خاڵی ئاخوند حەسەنی هێرش بۆ سەر گوندی قاڕنێ و قەڵاتان، سەر بە شاری نەغەدە بوو کە لەو هێرشەدا دەیان هاونیشتمانیی کورد بوونە قوربانیی سیاسەتە شەڕخوازییەکانی ناوبراو و ڕێژیمی ئیسلامیی ئیران.

ناوزڕاو حەسەنی، یەکێک بوو لەو کەسانەی کە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران بەردەوام هەوڵی ئاژاوەگێڕی و دووبەرەکی‌نانەوەی لە نێوان نەتەوە و ئایینزاکانی کوردستان بەتایبەت لە نەغەدە داوە.

ئاخوند حەسەنی، کوڕێکی خۆی بە ناوی "ڕەشید حەسەنی" بە هۆی ئەوەی کە سەر بە ڕێکخراوی چریکی فەدائیانی خەلق بووه، ڕادەستی دادگای دەکات و دواتر ئێعدامی دەکات.

دوای مردنی ئەو مۆرەیەی ڕێژیم ئێران لە کوردستان، هەواڵدەریی "فارس" لەبارەی کەسایەتی ناوبراوەوە نووسی: "لە دانیشتنی ئەندامانی هەیئەتی دەوڵەتی ئێران. "نیشانی دەرەجە یەکی بوێری" لە ئەحمەدی نژاد وەرگرت. ئەم نیشانە بەهۆی ڕابردووی حەسەنی پێش لە شۆڕشی ٥٧، خەبات لە دژی کورد و شەڕی ئێران و عێراق بووە".

هەواڵدەرییەکانی ڕێژیمی ئێران بێشەرمانە باس لە شەڕ لەگەڵ نەتەوەی کورد دەکەن و لە لایەکی دیکەشەوە بانگەشەی ئازادی و پێکەوه ژیان لەنێو گەلانی ئێراندا دەکەن.