کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢ی ڕێبەندان لە ڕۆژئاوای کانادا بەڕێوە چوو

15:52 - 9 رێبەندان 2717

کوردستان میدیا: بۆ بۆنەی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان ڕێوڕەسمێکی بەشکۆ لە وڵاتی کانادا بەڕێوەچوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی ٧٢ ساڵەی دامەزرانی کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتی پێشەوای مەزنی کورد و ڕێبەری حیزبی دێموکرات، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٦ی هەتاوی، شەوئاھەنگێکی بەشکۆ لە شاری ڤانکۆوێری کانادا بەڕێوەچوو.

سەرەتای جێژنەکە بە سروودی نەتەوەیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی خولەکێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کورد و کوردستان دەستی پێکرد. پاشان پەیامی کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران - ڕۆژئاوای کانادا لە لایەن ئیسمایل ئیبراھیمی بەرپرسی کۆمیتە، پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

لە پەیامی کۆمیتەدا، وێرای پەیمان نوێکردنەوە لەگەل کۆمار و ئامانجە بەرزەکانی، ئاورێک لە ڕووداوە ھەنووکەییەکانی کوردستان لە ھەموو پارچەکانی نیشتمان درابوویەوە.

بەشێکی تری پەیامی کومیتە تایبەت بوو بە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ڕاپەرینی جەماوەری گەلانی ئێران دژی ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامی و پێویستی ئامادەبوون بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ھەموو ئەگەرەکان لە ئێران و کوردستان دا.

جێژنی ٢ی رێبەندان، بە بەشداری ھونەرمەندی شۆڕشگێرشوان پەروەر بە سروودی شۆڕشگێڕی، ئاھەنگ و مۆسیقای ڕەسەنی کوردی رازایەوە .

هەروەها چەند لایەنی سیاسیش پەیامی پیرۆزباییان بۆ ڕێوڕەسمەکە ناردبوو کە بریتین لە:
پارتی دێموکراتی کوردستان، کەرتی ڕێکخستنی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان، سازمانی دێموکراتیکی بەلووچستان، یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی کوردانی ڕۆژئاوا، ماڵی کورد، کانوونی ھاوکاری ئێرانیانی کانادا.