کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ی گەلاوێژ لە وڵاتی نۆروێژدا بەڕێوە چوو

17:43 - 4 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بە بۆنەی ٧٤ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، ڕێوەڕسمێکیان بەڕێوە برد. 

ڕۆژی شەممە، ٢ی گەلاوێژ، جێژنی ٧٤ ساڵەی دامەزرانی حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران لە لایەن کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی نۆروێژ، بە شکۆوە بەڕێوە چوو.

سەرەتا لە لایەن پۆلێک لە ئەندامانی یەکیەتیی لاوانەوە، بە هاوکاریی هونەرمەند ''شێرکۆ مەریوانی''، سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" خوێندرایەوە و دواتر بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان، چەند ساتێک بە بێدەنگی ڕاوەستان.

پاشان ''ئیسماعیل عەلیپوور"، پەیامی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی نۆروێژ، پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

لەم ڕێوەڕەسمەدا چەند حیزب و ڕێکخراوی کوردستانی و نۆروێژی، بە پەیام و بروسکە و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی، بەشدار بوون و پەیامی هێزە کوردستانییەکان لە لایەن ''محەممەد ئەسکەندەر'' خوێندرایەوە.

هەروەها ''ئاویەر نەسیریان''، پەیامی یەکیەتیی لاوانی پێشکەش کرد.

لەم ڕێوەرەسمەدا، ''ڕاینهێڵد بێرگهایم''، نوێنەری حیزبی کاری نۆروێژی، ''تورە ویل هێڵمسێن'' نوێنەری پارتی "دی کریستنە" و ''یەرموند سکار'' ، نوێنەری حیزبی ''ئێس ڤێ''، پەیامی حیزبەکەیان پێشکەش کرد.

ئاسۆ قادری هەڵگری پەیامی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئیسڕاییل بوو کە بە زمانی ئینگلیسی پێشکەشی کرد.

هەروەها لە نێوئاخنی بەرنامەکاندا، پەخشانێک لە لایەن ''زاهید مورادیـ''ـیەوە خوێندرایەوە.

بەشی کۆتایی ڕێوڕەسمەکە، بەشی هونەری و هەڵپەڕکێ بوو کە هونەرمەندان ''قادر ئەلیاسی، وەهاب سەندی و موسا مەریوانی''، بە هاوکاریی هونەرمەندان ''کۆمار وەلیزادە و داروان بەرزنجی"، جێژنەکەیان ڕازاندەوە.

ئەو حیزب و ڕێکخراوە کوردییانەی کە بە بروسکە و چەپکە گوڵی پیرۆزبایی لە ڕێوەڕەسمی جێژنی ٢٥ی گەلاوێژدا بەشدار بوون، بریتی بوون لە: "لقی نوروێژیی پارتی دێموکراتی کوردستان، کۆمیتەی نۆروێژی یەکیەتیی نیشتیمانی کوردستان، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادی کوردستان، ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان، پارتی سەربەستی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان".