کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب، لەگەل سێناتۆرێکی فەرانسەوی کۆ بووەوە

12:01 - 27 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لەگەڵ سێناتۆر ''ڕێمی فێیرود''، لە مەجلیسی سێنای فەرانسەدا، دێدارێکیان پێک هێنا.

لە چوارچێوەی چالاکییەکانی بەشی پەیوەندییەکانی حیزبی دێموکرات لە فەرانسە، ڕۆژی چوارشەممە، ٢٤ی ڕەزبەر، ''حەسەن شەرەفی''، جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و ''ئومید ساعیدی''، نوێنەری حیزب لە فەرانسە، لەگەڵ سیناتۆری پاریس، ''ڕێمی فێیرود''، لە مەجلیسی سێنای فەرانسەدا دێدارێکیان پێک هێنا.

لەم چاوپێکەوتنەدا، "حەسەن شەرەفی" سپاس و پێزانینی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی بەرانبەر بە ''ڕێمی فێیرود''، بەهۆی پشتیوانی، چالاکی و هەڵوێستەکانی ئەم سێناتۆرە بەنیسبەت خەباتی ڕەوای کورد لە چوار پارچەی کوردستان، دەربڕی.

"شەرەفی"، بەوردی باسی دۆخی کوردستانی ڕۆژهەڵات و چالاکییە فرە ڕەهەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد و داوای هاوکاری و پەیوەندی و پشتیوانیی زیاتر لە خەباتی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵات کرد.

سێناتۆر "ڕێمی فێیرود" باسی لە گرینگیی پەیوەندیی زیاتر و بەردەوامی حیزبی دێموکراتی لەگەڵ خۆی و پارلمانتارەکانی کرد.

ناوبراو، لەسەر گرینگیی خەباتی ڕۆژهەڵات و دەور و ڕۆڵی لەم قۆناغە هەستیارەدا، بەتایبەت کە کێشەی ئێران و جیهان لەم چەند ساڵەی داهاتوودا بەرەو یەک لابوون دەڕوات، جەختی کردەوە.