کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەهانبەخش خۆش‌هەیکەل: بەرنامەی كاری كۆنگرە بۆ داهاتوو بریتییە لە نزیكبوونەوە لەو بەشەی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆیان بە سەرانسەری ناو دەبەن

09:55 - 17 رێبەندان 2718

وتووێژ: شەماڵ تەرغیبی

نووسینگەی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ڕێکەوتی ٢٦ی ژانویەی ٢٠١٩ی زایینی سەبارەت به ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی نێوخۆ و دەرەوەی ئێران و هەروەها ستراتێژیی هەنووکەیی کۆنگرە و بەتایبەت سیاسەتی کۆنگرە سەبارەت به یەکگرتووییە سیاسییەکان لە خەبات دژ به ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لە کۆڵنی ئاڵمان بەبەشداری هەموو ڕێبەرانی حیزبەکانی ئەندامی کۆنگرە بەڕێوە برد.

سەبارەت بە چەند و چۆنی ئەم دانیشتنە و بڕیار و ڕاسپاردەکانی، وتووێژێکمان لەگەڵ بەڕێز "جەهانبەخش خۆشهەیکەل" بەرپرسی دەبیرخانەی کۆنگرە پێکهێناوە کە لێرەدا دەخرێتە بەر دیدی ئێوەی بەڕێز:

١. ڕێکەوتی ٢٦ی ژانویەی ئەمساڵ کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا باسی لە دانیشتنێکی بەپەلە و تایبەت کرابوو؛ لە ڕاگەیەندراوەکەدا وەک ئیشارەی پێکراوە ڕووداوەکانی ئێران ڕۆژەڤی باسەکان بوون؛ تکایە لەمبارەوە برێک شیکاری زیاترمان پێ بدەن؟

پێشەكی زۆر سپاستان دەكەم. بەر لەوەی بچمە سەر وڵامی پرسیارەكانتان، پێم خۆشە سەبارەت بە چۆنیەتیی دامەزران و هەروەها هۆی پێکهاتنی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ بە كورتی ئاماژە بەوە بكەم کە هەر ڕێكخراوێکی سیاسی یان تەشەكولیك بە هۆی پێویستییەك پێك دێت. كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵیش بە هۆی ئەوە پێک هات كە تا ئەو كاتە نەتەوەكانی ناو جوغرافیای ئێران بۆ وەدستهێنانی مافەكانیان هەر كامە بۆ خۆی و بە تەنیا لەگەڵ كۆماری ئیسلامی لە بەربەرەكانێدا بوو.

ئەمە دەرفەتی بۆ ڕێژیم پێك هێنابوو کە بتوانێ خەبات و تیكۆشانی نەتەوەكان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە چەواشە بكات. هەر بۆیە، ڕێكخراوە سیاسییەكانی سەر بە نەتەوە ستەملێکراوەكانی ئێران بۆ ئەوەیکە خەبات و تێکۆشانیان شوێندانەرییەكی زۆرتری هەبێت و بەهێزتر لە جاران لە بەرانبەر كۆماری ئیسلامیی ئێراندا درێژە بە خەباتی خۆیان بدەن، بە دەسپێشخەریی هێندێک ڕێكخراوی سەر بە نەتەوەكانی ئێران لە ساڵی ٢٠٠٥ی زایینی لە شاری لەندەن ئەو کۆنگرەیە دامەزرا.

كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ تا ئێستا تاكە هاوپەیمانییەک بووە كە توانیویە حیزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانی هەموو نەتەوەكانی بێبەش له دەسەڵات لە ساحەی سیاسیی ئێراندا لە دەوری یەك كۆ بكاتەوە و بە یەكگرتوویی لەو كاتەوە تا ئێستا درێژەی بە كار و تێكۆشانی خۆی داوە.

لە وڵامی پرسیاری یەكەمدا دەبێ ئاماژە بەوە بكەم کە هەر وەك ئاگادارن كۆماری ئیسلامیی ئێران پێی ناوەتە ساڵانی دوایی تەمەنی خۆی. ڕووداوەكانی ئەم دواییە چ لە ناو ئێران و چ لە ناوچەدا بە تایبەت دوای هاتنەدەری ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ڕێكکەوتنی ئەتۆمی و گەڕاندنەوەی گەمارۆ ئابوورییەكان لە لایەك و ڕق و قینی پەنگخواردووی گەلانی ئێران لە ئاكامی سەركوتی دڕندانەی ئەو گەلانە لە لایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و هەروەها جموجۆڵی ئەم دواییانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران بە مەبەستی پێكهینانی یەکگرتوویی و دروستكردنی ئاڵترناتیڤ بۆ دوای ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران و پێداگریی زۆربەی هێزە سیاسییەكان لەسەر ئەوە كە تەنیا ڕووخانی ڕێژیم و هەبوونی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ داهاتووی ئێران لە سەر دیسانتراڵ بوونی دەسەڵات، خەڵكی وەزاڵەهاتووی ئێران لەم هەموو قەیرانە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە ڕزگار دەکات، دانپێدانانی هێندێک ڕەوتی سەرانسەری و شكاندنی تابۆی فیدڕاڵیزم، وەخۆكەوتنی هێندێک هێز و لایەن بۆ دانانی بەرنامەی گونجاو بە مەبەستی ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییە كە داهاتووی ئێران بە بێ چارەسەری پرسی نەتەوەكان سەقامگیر نابێت، کۆمەڵێک پرس و بابەت بوون کە دوای ڕاوێژ و لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكان، كۆنگرە بریاری دا بۆ شرۆڤەی زیاتری ئەم پرسانە و هێندێک پرسی دیکە و دانانی پلان و بەرنامەی داهاتوو بۆ ئەگەری ڕوودانی هەر چەشنە ڕووداوێك، كۆبوونەوەی نائاسایی لە ئاستی سەرەوەی هەموو ڕێكخراوەكانی ئەندامی كۆنگرەدا پێك بێنێ.

٢. لە بەشێک لەم ڕاگەیەندراوەدا باس لەوە کراوە کە "پاش تاوتوێ کردنی باس و بابەتەکانی و وتووێژ سەبارەت به ستراتێژیی هەنووکەیی کۆنگرە و بەتایبەت سیاسەتی کۆنگرە سەبارەت به یەکگرتووییە سیاسییەکان لە خەبات دژ به کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەیشته رێککەوتنێکی هەمەلایەنە"؛ مەبەست لە ڕێککەوتنی هەمەلایەنە چییە؟ مەگەر پێشتر ڕێککەوتنێکی لەو چەشنە بوونی نەبوو؟

هەر ڕێكخراویك بو ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی خۆی هەم ئامانجی ستراتژیکی هەیە و هەم تاكتیكی بە پێی پێشهاتەكان كە پێش دێن. كۆنگرە هەمیشە و هەموو كاتێک لە نێو خۆیدا لە سەر ستراتژی بە تەواوی تەبا و هاوڕا بووە. هەر بۆیە لەو بارەوە وەكوو ئوسوولی بنەڕەتیی كۆنگرە، دەرگای دیالۆگ بو ئەو ڕێكخراوانەی كە دان بە مافی نەتەوەكاندا دەنێن، هەموو كات ئاوەڵا بووە. ئەحزاب و ڕێكخراوەكانی كۆنگرەی نەتەوەكانی ئێرانی فیدراڵ بە پێی پێڕەوی ناوخۆی ئەحزاب، لەوەدا كە لەگەڵ كامە حیزب یان سازمان دەتوانن ئاڵوگۆڕی بیروڕا بكەن، سەربەخۆیی خۆیان پاراستووە. لە كۆبوونەوەی ئاماژەپێكراودا بە پێی هەلومەرج هێندێک بریاری گشتی بە سەرنجدان بە وردەكارییەكان دران.

٣. بەرنامەی دواترتان چی دەبێت؟ بەسەرنجدان بەوەیکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا وتووتانە "سیاسەتی کۆنگرە سەبارەت به یەکگرتووییە سیاسییەکان لە خەبات دژ به کۆماری ئیسلامیی ئێراندا گەیشته رێککەوتنێکی هەمەلایەنە". بەرنامەی کاریتان بۆ هەلومەرجی ئیستە ئێران و دواڕۆژی ئێران چی دەبێ؟

بەرنامەی دواتر كە لەم پرسیارەدا هاتووە، دیاریكردنی بەرنامە و پلان بۆ داهاتوو و دانانی كۆمیتە كارییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەرچی زیاتری كۆماری ئیسلامیی ئێران و دابەشكردنی ئەركە نێوخۆییەكانی كۆنگرە لە سەر بنەمای پێڕەوی ناوخۆی كۆنگرە دەبێت.

بەرنامەی كاری كۆنگرە بۆ داهاتوو بریتییە لە نزیكبوونەوە لەو بەشەی ئۆپۆزیسیۆن کە خۆیان بە سەرانسەری ناو دەبەن، بە پێی ئەو خاڵانەی كە لەم كۆبوونەوە نائاساییەدا لە سەری ڕێك كەوتووین و هەروەها گەیشتن بە پلاتفۆرمێكە كە بەو پێیە ئۆپۆزیسیۆن بتوانێ تەواوی وزەی خوی بۆ ڕووخانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێگا جۆراوجۆرەكانەوە بخاتە کار و هەروەها بە ئەزموون وەرگرتن لەو هێزانەی كە بە شێوەیەكیتر لە بەربەرەكانێدان، هەرچی زیاتر خۆی بۆ قۆناغەکانی داهاتووی خەبات ئامادە بكات.

٤. لە ڕاگەیەندراوەکەدا باستان لە قووڵتربوونەوەی زیاتری قەیرانەکان لە نیوخۆی ئێران کردووە. ئایا کۆنگرە پێی وایە کە ئەم قەیرانانە لە داهاتوویەکی نیزیکدا دەبێتە هۆی کۆتایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی؟

بە سەرنجدان بە ڕووداوەكانی ڕابردوو و هەروەها بارودۆخی ناوچە و وڵاتانی دراوسێی ئێران و دەستێوەردانی ئێران و یارمەتی گەیاندنی بە هێزە بناژۆخوازەكان و بوونی لە سووریە و یەمەن و هەروەها هێندێک فاكتەری دیکە کە کاردانەوەی توندی کۆمەڵگای جیهانی و گەلانی ناوچەکەی لێ کەوتۆتەوە و هەروەها دۆخی نێوخۆیی ئێران، دەكرێ بڵێین ڕێژیم تووشی سەرلێشێواوی و قەیرانێکی قووڵ هاتووە كە زەحمەتە بتوانێ خۆی لێ دەرباز بكات. هەر بۆیە دیمەنی داهاتوو بۆ ئەو ڕێژیمە ملهۆڕ و کۆنەپەرستە ئێستا تاریکتر لە جاران دەبینرێت و بەپێچەوانەوە، ئاسۆی سەرکەوتنی خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلانی ستەملێکراوی ئێران ڕوونتر و نزیکتر دێتە پێش چاو.

٥. کۆنگرە لە ماوەی ڕابردوودا سەبارەت بە دۆخی سیاسی ئێران و بەتایبەت ڕەوتی سەرکووتی سیستماتیکی گەلانی ئێران چەندە کاری کردووە؟ بەو مانایە کە چەندە هەوڵی داوە کە لایەنە بیانییەکان و یەک لەوان یەکیەتی ئورووپا لەمبارەوە وشیار بکاتەوە؟ ئەگەر کراوە وڵامی ئەوان چی بووە؟

کۆنگرە لە ماوەی ڕابردوودا، لە ڕێگەی بەشی پێوەندییەکانیەوه، سەبارەت بە دۆخی سیاسیی ئێران و بەتایبەتی ڕەوتی سەرکوتی سیستماتیکی گەلانی ئێران توانیویەتی سەرنجی هێندێک كۆڕ و كۆمەڵی بیانی بۆ گۆشار خستنە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران ڕابكێشێت. هەر لەو پێوەندییەدا دەتوانین ئاماژە بە كۆبوونەوەی كۆنگرە لە پارلمانی ئورووپا بكەین کە ئەو كۆبوونەوەیە بە ئامادەبوونی نوێنەری ناتۆ و هەروەها نوێنەرانی یەكیەتیی ئورووپا گیرا و لە كۆبوونەوەکەدا بە وردی تیشك خرایە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران كە بە شێوەی سیستماتیك مافەكانی مرۆڤ پێشێل دەكات و لە سەركوت و گرتنی چالاكانی نەتەوەكانی ئێران  بەردەوامە.

لە وەڵا مدا ئە وان پێیان وایە لە كاناڵە دیپلۆماتیكەکاندا هەوڵ دەدرێ كە ئەو پێشێل كردنانە باس بكرێن و وەكوو كارنامەی ئەو ڕێژیمە سەرەڕۆیانە و لە كاتی خۆیدا كەڵكی لێوەربگیرێت.