کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەهانگیری: ئامریکا ناتوانێت پێش بە فرۆشی نەوتەکەمان بگرێت

11:55 - 7 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: لە بەرە بەرەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکانی ئامریکا، بەرپرسانی ڕێژیم پێیان وایە ئەم گەمارۆوانە کاریگەرییان نابێت.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، کە لە ١٨ی بانەمەڕی ئەمساڵدا، یەکلایەنە لە ڕێککەوتنی بەرجام کشایەوە، خولی یەکەمی گەمارۆوەکانی بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەست پێ کرد و بڕیارە خولی دووهەمی ئەم گەمارۆوانە کە کەرتی نەوتی ئێران دەگرێتەوە لە ١٣ی خەزەڵوەر دەست پێ بکاتەوە.

لە پێوەندی لەگەڵ وەگەڕخرانەوەی خولی دووهەمی گەمارۆوەکان، ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم، ڕۆژی یەکشەممە ٦ی خەزەڵوەر، هەڵوێست گرتووە و وتوویەتی: "بە پلانداڕێژیی دەوڵەت و ڕێوشوێنە ڕەچاوکراوەکان بۆ ئیدارەی وڵات بە ڕاشکاوی ڕای دەگەینم، کە ئامریکا بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت پێش بە فرۆشی نەوتی ئێران بگرێت.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتوویەتی: ئامریکایییەکان چەند حەوتوویەکە بۆ گەیشتن بە ١٣ی خەزەڵوەر کات دەژمێرن، بەڵام لەم ڕۆژەدا هیچ شتێک ڕوو نەدات و ئەوەی کە دەبوو ڕوو بدات لەم سێ ـ چوار مانگە ڕووی داوە و دەوڵەتیش لەم بارەوە ڕێوشوێنی خۆی ڕەچاو کردووە.

ئەگەرچی جەهانگیری باسی لە ڕێوشوێنەکان نەکردووە، بەڵام بەپێی قسەکانی لە هەواڵدەریی ئیلنا، پێدەچێت لەسەر گرانبوونی نەوت بۆ دەربازبوون لەم قەیران و گەمارۆوانە حەسێبیان کردووە.

جەهانگیری لە بەشێک لە قسەکانیدا، پێشبینی و لێدوانی ئامریکایییەکانی بۆ جێگرتنەوەی نەوتی عەرەبستان لە بازاڕەکانی جیهان لە جێی نەوتی ئێران، بە مەبەستی پێشگیریی لە گرانبوونی نەوت لەو دۆخەی بە درۆ زانی و وتوویەتی: نرخی نەوت کە ٣٠ دۆلار بوو و ئێستە بووەتە ٨٠ دۆلار، ئەگەر ئامریکا بیتوانیبایە پێش بە فرۆشی نەوتی ئێران بگرن، ئێستە نرخی نەوت بە ١٠٠ دۆلار دەگەیشت.

ئەم لێدوانە و لێدوانەکانی دیکەی بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا بۆ چەواشەکردن و ڕازیکردنی خەڵکی ناڕازی و وەزاڵەهاتووی ئێرانە، دەنا ئەگەر ئەو گەمارۆوانە و هەڕەشەکانی ئامریکا هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر ئێرانێک نییە، کە لە ڕۆژدا ٢ میلیۆن و نیو بەرمیل نەوت بە بەرمیلێک ٨٠ دۆلار دەفرۆشێت لە حاڵێکدا پێشتر بە ٣٠ دۆلار فرۆشراوە، بۆچی ژیانی خەڵکی ئێران و دۆخی ئابوورییەکەی ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.