کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جەهانگیری بەڵێنی درۆی وەکوو دیاری بۆ کرماشان هێناوە

12:58 - 10 گەلاوێژ 2718

کوردستان میدیا: جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیم، بۆ بەسەرکردنی بوومەلەرزەلێدراوەکان، سەردانی پارێزگای کرماشانی کردووە.

ئیسحاق جەهانگیری، جێگری یەکەمی سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٩ی گەلاوێژی ١٣٩٧ی هەتاوی، گەیشتووەتە شاری کرماشان و بە مەبەستی کرانەوەی ماڵە نۆژەنکراوەکان، بۆ ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی ئەو پارێزگایە ڕۆیشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم، ئیسحاق جەهانگیری، بە مەبەستی بەسەرکردنی چۆنییەتی نۆژەنکردنەوەی ئەو ناوچانە، سەردانی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کردووە و لە ڕێوەڕەسمێکدا چەند خانوویەکی نۆژەنکراوی بە شێوەی سەمبۆلیک ڕادەستی خەڵک کردووە.

ئیسحاق جەهانگیری و بەرپرسانی رێژیم لە کرماشان، کە سەردانی ئەو ناوچانەیان کردووە، وەکوو یەکەم ڕۆژەکانی ڕوودانی بوومەلەرزە، دەستیان کردووە بە بەڵێنی و درۆشمدان، کە بە زووترین کات هەموو کێشەکانیان چارەسەر دەکەن.

ئێستە کە نزیک بە ١٠ مانگە لەو کارەساتە تێپەڕ دەبێت، بەرپرسانی ڕێژیم هەندێک ئاماریان لە نۆژەنکردنەوە خانووەکان بڵاو کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، کە ٥٣ لەسەدی کاری نۆژەنکردنەوە ئەنجام دراوە و پرۆژەکان هەروا بەردەوامە، ئەم ئامارانە لە لایەن جەهانگیری و وەفدەکەی لە حاڵێکدان، کە سەعید قاسمی بەرپرسی گرووپی جیهادی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکانی کرماشان، باسی لەوە کردووە، بە گرانبوونی نرخی کەرەستەکانی بیناسازی، کاری بیناسازیی لەو ناوچانە ڕاگیراوە و زۆربەی پەیمانکارە دەوڵەتییەکان، کارەکانیان بەجێ هێشتووە.

ئیسحاق جەهانگیری، دیسان لە ڕاستای پروپاگاندە بۆ دەسەڵاتی ڕێژیم تەنیا بەڵێنی درۆ بە خەڵک دەدات و ڕاستییەکان چەواشە دەکات و تەنانەت ئەو هەواڵدێرانەش کە سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن، بە پێدانی کارتی دیاری دەمیان دەبەستن، هەتا کێشە و گرفتی خەڵک بڵاو نەکەنەوە.

بەگشتی لە سەردانەکانی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ کرماشان لە کاتی ڕوودانی بوومەلەرزەکە هەتا ئێستە، تەنیا دیارییەک کە بۆ خەڵکی لێقەوماوی ناوچە بوومەلەرزەلێدراوەکان دەیهێنن، بەڵێنی درۆ و دروشمی بریقەدارە.