کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حاسڵ عەزیزی: کورد بوون خۆی حوکمی ئێعدامی هەیە

15:28 - 27 رەشەمه 2717

کوردستان میدیا: حاسڵ عەزیزی، زیندانییەکی سیاسیی کورد، خەڵکی شاری شنۆ کە لە لایەن یەکێک لە دادگاکانی ڕێژیمەوە بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو، زێدی خۆی بەجێهشت.

ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لە وتووێژێکدا کە لەگەڵ حاسڵ عەزیزی، زیندانیی سیاسیی کورد خەڵکی شاری شنۆ ئەنجامی داوە، بڵاوی کردووەتەوە کە حاسڵ عەزیزی زێدی خۆی بەجێهشتووە و ئیستا لە دەروەی وڵات دەژیت.

لەو وتووێژەی ئاژانسی کوردپادا هاتووە، ئەم زیندانییە سیاسیە کوردە لە دادگای سەرەتایی بە ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری و پاش پێشێلکردنی ئەو حوکمە لە لایەن دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێرانەوە، دووبارە لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی و بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە لەو وتووێژەدا باسی لەوە کردووە: ٢١ی پووشپەڕی ساڵی ٩٥ لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی سەر بە ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا دەسبەسەر و ماوەی ١٨ مانگ لە گرتووخانە دابووم و هەر ڕۆژ بە بیانوویەک منیان بۆ حیفازەت ئیتلاعاتی سپا دەبرد و بێڕیزیان پێی دەکردم.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە کە بە معاونت در اقدام مسلحانە و عضویت در حزب دمکرات کردستان ایران به عنوان عنصر اصلی هسته حزب تاوانبار کرابوو، باسی لەوە کردووە : ٢٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٥ی هەتاوی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی کرام و هیچ بەڵگەیەک بۆ تەئیدی حوکمی من بوونی نەبوو و منیش هیچ دانپێدانانێکم نەکرد و ئێستاش کورد بوون بۆ خۆی حوکمی ئێعدامی هەیە.

حاسڵ عەزیزی لەو وتووێژەدا ئاشکرای کردووە: دادگایی‌کردنی من بە سەرۆکایەتی دادوەر چابۆک و ڕاوێژکاران شێخلوو و زەیناڵی بووە و دادوەر بۆ بڕینەوەی حوکمەکە پشتی بە ڕاپۆرت و بەڵگەکانی ئیتلاعاتی سپای دەبەست و ئامانجی لەو حوکمە تەنیا پەیامێک بوو بە خەڵکی ڕۆژهەڵات و حدکا، کە هەرکەس یارمەتی و شوێنی حەوانەوە بۆ پێشمەرگەکانی حدکا دابین بکات، ئەمە سزاکەیەتی.

ناوبراو باسی لەوەش کردووە که سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لە ڕەوتی دادگایی کردنی من دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی هەبووە.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە سەبارەت بە هۆکاری چۆنیەتی هەڵاتنی لە ئێران ڕاگەیاندووە: حوکمی ٢٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بە سەر مندا سەپابوو، بە بێ ئەوەیکە هیچ تاوانێکم هەبووبێت، بە سەپاندنی ئەو حوکمە بە سەر مندا، نارەزایەتیم دەبڕیبوو و دۆسیەی من بۆ لقی ٤٧ دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران نێردرا. پاش ٨ مانگ لێکۆڵینەوە و تاوتوێ کردنی دۆسیەکە، دیوانی باڵای ڕێژیمی ئێران کارناس و هێزە ئیتلاعاتییەکانی خۆی بۆ دووبارە هەڵسەنگاندنی ناوچە و چۆنیەتی ڕوودانی شەڕ و تێکهەڵچوون لە شاری شنۆ بەڕێ کرد و پاش ئەو لێکۆڵینەوە، دیوانی باڵای وڵات حوکمەکەی پێشێل کرد و لە دادنامەکەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ناوبرا لە تەواوی تۆمەتەکان تبرئەیە و دیوانی باڵای وڵات بۆ ئازادکردنی من بڕیاری بارمتەی ٢٠٠ میلیۆنی تمەنی بڕیەوە و بە دانانی ئەو بارمتەیە من ئازاد کرام . پاش مانگێک لە ئازاد بوونم لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانبار ئەمساڵ (٩٦) بەبێ ئەوەیکە لە کۆبوونەوەی دادگا ئامادە بم، لە لقی دووی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە ٢٠ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرام و حوکمی دەستبەسەر کردنیان بۆ من بڕیبووە، کە ئەگەر دەستبەسەر کرابام، دەبوایە هەتا کۆتایی ژیانم لە زیندان دابام و ڕوون نەبوو چ دۆسیەیەکی دیکەیان بۆ ساز دەکردم.