کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: بڕیاری سەربەخۆیی بڕیارێکی مێژوویی و گرینگە

23:38 - 20 جۆزەردان 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران سەبارەت بە بڕیاری سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

ڕاگەیەندراوی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە بڕیاری بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە باشووری کوردستان


پاش ماوەیەکی زۆر باس و لێدوان لە پێوەندی لەگەڵ پێویستی بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم و وەرگرتنی ڕای تاکەکانی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی چارەنووسی ئەو بەشە لە کوردستان ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢٠١٧/٦/٧ی زایینی لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت و بە بەشداری زۆربەی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی باشوور و بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز مەسعوود بارزانی سەرئەنجام بە ڕەزامەندی سەرجەم بەشداربووانی کۆبوونەوەکە ڕۆژی ٢٠١٧/٩/٢٥ی زایینی بۆ بەڕێوەبردنی ڕاپرسی دیاری کرا.

هەر لەم کۆبوونەوەیەدا ڕێکاری ئەنجامدانی ڕێفراندۆم و لیژنەی پێویست بۆ ئەم ئەرکە دەستنیشان کران و بەمجۆرە کۆتایی بە چاوەڕوانییەکان هات و ڕێفراندۆم وەک ئەمری واقیع و پێویستێکی مێژوویی مۆری یەکلاکەرەوەی لێدرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای ئەوە کە ئەم بڕیارە بە بڕیارێکی مێژوویی و هەنگاوێکی گرینگ و مافێکی سروشتی لە ڕەوتی دیاریکردنی چارەنووسی ئەو بەشە لە کوردستان دەزانێ، پیرۆزبایی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی باشوور دەکا و ڕێز لە ئیرادەی خوشک و براکانی لەم بەشەی کوردستان دەگرێ، لە هەمانکاتدا هیوادارە و خوازیارە کە سەرجەم کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستانی باشوور ئەم دەرفەتە مێژووییە بە دوور لە کێشە ڕێکخراوەییەکان بە گوێرەی شیاوی خۆی بقۆزنەوە و هەموو لایەک وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی هاندەری بەشداری تاکەکانی کۆمەڵ لەو ئەرکە مێژوویی و چارەنووس سازەدا بن بۆ ئەوەی رێژەی بەشداربووانی رێفراندۆم و دەنگدەرانی ئەم بابەتە نیشتمانییە بارەتەقای گرینگی بڕیارە مێژووییەکە بێ کە چاوی دۆستان و دڵسۆزانی کورد بە جۆرێک و تەنانەت نەیارانی کوردیشی بە جۆرێکی دیکە لەسەرە، پێویستە کورد لەو هەڵومەرجەدا بۆ ئەو مەبەستە یەکدەنگی و یەک هەنگاوی خۆی نیشان بدا بە جۆرێک کە ئاکامی ڕاپرسی بە کۆمەڵگای جیهانی بسەڵمێنێ کە ڕێفراندۆم ئیرادەی هەموو لایەک و هەموو تاکێکی کوردە و ئەوەی لێی دەکەوێتەوە ویست و خواستی هەموو رۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانە.

هەر لەو پێوەندییەدا حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە ڕێفراندۆم بۆ دیاری کردنی چارەنووس بە مافی بێ ئەملاوئەولای کورد لە کوردستانی باشوور دەزانێ و ئەنجامدانی بە ئەرکێکی مێژوویی دادەنێ داوا لە ئەندامان و لایەنگرانی خۆی دەکا کە پاڵپشت و یارمەتیدەری سەرخستنی ئەم بڕیارە مێژوویی و نەتەوەییەی خوشک و براکانیان لە کوردستانی باشوور بن، هەر وەک حیزبە خۆشەویستەکەیان هەمیشە پشتیوان و پشتگری ماف و ئازادییەکانی رۆڵەکانی کورد لە هەر بەشێکی کوردستان بووە و هەیە و لە هەر بڕگەیەکی مێژوویی دا رێزی لە ئیرادە، ویست و حەز و ئاواتەکانیان گرتووە.

بەم هیوایە ڕێفراندۆم لە کوردستانی باشوور بە سەرکەوتوویی و یەکگرتوویی تەواوەوە وەک ئەرکێکی نەتەوەیی و نیشتمانی بەڕێوە بچێ و ئاکامەکەی دابینکەری بەرژەوەندی کورد و ماف و ئازادییەکانی بێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٠ی جۆزەردانی ١٣٩٦ی هەتاوی
١٠ ژوئەنی ٢٠١٧ی زایینی