کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حوسێن فەرەجی هونەرمەندی لوڕ کۆچی دوایی کرد

16:27 - 31 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: گۆرانیبێژی بەناوبانگی لوڕ، حوسێن فەرەجی، لە تەمەنی ٦٨ ساڵیدا، دڵی لە لێدان کەوت.

عیزەتوڵڵا فەرەجی، ناسراو بە حوسێن فەرەجی، هونەرمەندی گۆرانیبێژی لوڕستان کە بەرهەمەکانی نەوایەکی دڵڕفین بوون بۆ زاگروسنشینەکان، ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٩ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، کۆچی دوایی کرد.

هونەرمەند حوسێنی فەرەجی، لە ساڵی ١٣٢٩ی هەتاوی، لە شاری خوڕەماوا سەر بە پارێزگای لوڕستان لە دایک بووە و هەر لە سەردەمی منداڵیدا دەستی کردووە بە خوێندنی گۆرانی فولکلۆرەکان و لە لایەن ئیسماعیل مێهرتاشەوە فێری خوێندنی گۆرانی بووە.

حوسێن فەرەجی، لە ساڵی ١٣٤٣ی هەتاوی، بە یارمەتی شادابی و ‌هیمەتعەلی سالم، بۆ یەکەمجار گۆرانی "دایە دایە"ی لە ڕادیو خوڕەماوا تۆمار کردووە.

بەرهەمەکانی ئەو هونەرمەندە وەکوو: "شەیپورچی، دایە دایە، کینە، سەوزە سەوزە و...، لەو بەرهەمانەن کە لە ڕۆژهەلاتی کوردستان بەناوبانگن و چەندین جیل لەگەڵ ئەو بەرهەمانە ژیاون و لە مێژووی هونەری زاگرۆسدا لەبیر ناکرێن.