کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکان و ڕێژیمی تاران پەیوەندییەکانیان ئاشکرا دەکەن

13:18 - 28 گەلاوێژ 2719

کوردستان میدیا: حووسییەکانی یەمەن باڵوێزی خۆیانیان لە تاران دیاری کردووە و بە کردەوە، دانیان بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا ناوە.

ئێوارەی ڕۆژی شەممە، ٢٦ی گەلاوێژ، کاناڵی تەلویزیۆنیی "ئەلمەسیرە"، سەر بە حووسییەکانی یەمەن، ڕایگەیاند: "ئیبراهیم ئەلدەیلەمی، وەک سەفیری تایبەت و خاوەن دەسەڵاتی تەواوی حووسییەکان لە ئێراندا دیاری کراوە".

دەسەڵاتدارانی ڕێژیمی ئێران لەمبارەوە تا ئێستا کاردانەوەیەکیان بەرانبەر بەو هەواڵە نیشان نەداوە.

دەوڵەتی یاسایی یەمەن، ئەو هەوڵەی حووسییەکانی بەنیسبەت دیاریکردنی "باڵوێز" لە ئێران، بە "دەرخستنی پەیوەندییە شاراوەکانی حووسییەکان و ئێران"، ناو لێ بردووە.

هەروەها دەوڵەتی یاسایی یەمەن لە تویتێکدا نووسیویەتی: "دیاریکردنی نوێنەری دیپلۆماتیک، لە نێوان ڕێژیمی تاران و میلیشیا چەکدارە حووسییەکان، پێشێلکردنی یاسا و بایەخە نێونەتەوەییەکانە و لادان لە بڕیارنامەی شۆرای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە قەیرانی یەمەن بە هەژمار دێت".

پەیوەندییە دیپلۆماتیکەکانی یەمەن لەگەڵ ڕێژیمی ئێران، لە ساڵی ١٣٩٤دا و بە بڕیاری "عەبد ڕەبە مەنسوور هادی"، پچڕێندرا.