کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حووسییەکانی یەمەن هێرشیان کردە سەر "ئارامکۆ"ی عەرەبستان

13:25 - 25 خەرمانان 2719

کوردستان میدیا: دوای هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆی عەرەبستانی سعوودی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕێژیمی ئێران بە تاوانباری سەرەکیی ئەو هێرشە دەزانێت.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٤ی خەرمانان، ١٠ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هیرشیان کردە سەر دوو دامەزراوەی نەوتیی سعوودیە لە "بەقیق و خەریس" و زیانێکی زۆریان پێگەیاند کە لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا نزیک بە نیوەی نەوەتی ئەو وڵاتە  و ٥ لەسەدی نەوتی جیهان تووشی کێشە بوو.

"دانڵد ترامپ"، سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی: "ئێمە دەزانین کێ لە پشتی ئەو هێرشە بووە و وڵامی ئەو هێرشانە دەدەینەوە".

لە لایەکی دیکەوە، "مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری کاروباری دەرەوەی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ئێران دەستی لە ١٠٠ هێرش بۆ سەر سعوودیەدا هەبووە و ئێران هێرشێکی بێ وێنەی کردووەتەوە سەر بەرهەمی وزەی جیهان.

هاوکات سێناتۆر "لیندزی گراهام" دوای ئەو هێرشە ڕایگەیاند: "فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی حووسییەکان کە ئێران پشتیوانییان لێوە دەکات، هێرشیان کردووەتە سەر ئارامکۆ و ئیتر کاتی ئەوەیە وڵامی ئێران بدەینەوە".

ئامریکا ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران وەک گەورەترین پشتیوانی تێرۆریزم لە جیهاندا ناساندووە.

ڕێژیمی ئێران بە پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکانی وەک: "حیزبوڵڵا، حووسییەکان، حەماس و گرووپگەلی دیکە"، شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەدا دەنێتەوە.