کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیجاب لە چوارچێوەی بەلاڕێدابردنی ڕای گشتی

17:49 - 17 گەلاوێژ 2719

ئاویەر شێخی

بەرپرسانی ڕێژیم لە نوێترین لێدوانە سەیروسەمەرەکانیان لەبارەی ڕەچاوکردنی حیجابی ژناندا، حیجاب بە تەندروستیی ژنانەوە دەبەسنەوە. "مینو ئەسلانی"، سەرۆکی ڕێکخراوی بەسیجی کۆمەڵگای ژنان ڕایگەیاندووە: "پۆشینی جلوبەرگی نەشیاو، زیان بە دەمارەکانی مێشک دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی زیادبوونی "کوروتون" لە مێشکدا و ئەمەش زیان بە مێشک دەگەیەنێت. دەتوانرێت کاریگەرییەکەی لە بەڕێوەبردنی ئەندامانی لەشیاندا بسەلمێنرێت، کە بەشێوەیەکی تەواو بەرنامەداڕێژراوی سهیۆنیستی و ئیستبکاری جیهانییە".

ناوبراو پێشتریش ڕایگەیاندبوو کە "بەستەنی خواردنـ"ـی ژنان لە شوێنە گشتییەکاندا تاوانە و ئەگەر ژنێکیش لە کاتی بەستەنی خواردن لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا ببینرێت ئەوا ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

هەر لەم ڕاستایەدا لە شەقامی شارەکانی ئێراندا بەنێر و پۆستێری سەیر و سەمەرە دەبینرێت، بۆ نموونە لەسەر یەکێک لە بەنێرە هەڵواسراوەکان لە یەکێک لە شارەکانی ئێراندا نووسراوە: "خاتوونانی بەڕێز، تەنانەت بۆ چوونە سەردانی براکانیشتان، خۆتان لە پۆشینی جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگ ببوێرن".

ئایا بەرپرسانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران خۆداپۆشینی ژنان و بەکارهێنانی ڕەنگی جیاواز و ئاڵا لە پۆشیندا هێندە بۆیان گرینگە و بە خاڵێکی ئەمنییەتی دەزانن یاخود دەیانهەوێت بیروڕای گشتیی کۆمەڵگا بەلای ئەم شتە لاوەکیانەدا بکێشن و چاویان بەرامبەر بە تاوانە گەورە و قێزەونەکانیان ببەستن؟

بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕێژیم، لەم بوارەدا بەباشی توانیویانە سەرکەوتوو بن و هێندەی کە خەڵکانی ئێران گرینگی بە پۆشین و جلوبەرگیان دەدەن و سەرپێچی کردن لەو خاڵە دیاریکراوانەی کە بۆ پۆشین دیاریکراوە، تەنانەت ئەگەر لە شوێنێکی چۆڵیشدا بێت، بە هێمای ئازادیی دابنێن، بە لایانەوە گرینگە، کە ئەو سەرکوتانەی کە لە بوارەکانی دیکەدا لێیان دەکرێت بۆ گرینگ نەبێت. ئەم خاڵە زیاتر و ڕوونتر لەنێو ژناندا هەستی پێ دەکرێت و دەبینرێت.

دیارە کە پۆشینی جلوبەرگ بە شێوەیەکی ئازادانە، بە یەکێک لە هەرە سەرەتاییترین مافەکانی مرۆڤ لە هەر کۆمەڵگایەکدا دادەنرێت، بەڵام لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی ویلایەتی فەقیهدا، کە بەدەیان قەیران و کێشە تێیدا سەری هەڵداوە و بەردەوامیش لە زیاد بوونن، دەتوانین  تەنیا مافی پۆشینی جلوبەرگ بە شێوەیەکی ئازادانە بکەین بە  ئامانجمان و تەنیا لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ بدەین؟ بە تایبەتیش کاتێک ئامارەکان باس لەوە دەکەن، لە هەر سێ ڕۆژێکدا بەشێوەیەکی نێوەنجی کوردێک، بە تۆمەتگەلێکی جیاوازەوە لە بێدەنگیدا لە سێدارە دەدرێن و هیچ کەسێکیش دەنگی لێوە نایەت. یاخود هەواڵی قەتڵە نامووسییەکان کە لە هەر حەوتووییەکدا لانیکەم هەواڵی کوشتنی ژنێک لەژێر ناوی شەرەف و نامووس بڵاو دەبێتەوە و  هیچ ناوەندێکی پەیوەندیداری ڕێژیم، هیچ هەنگاوێک لەو ڕاستایەدا هەڵناگرێت.

کاتێک لە پاڵ کوژرانی ڕۆژانەی کۆڵبەران و ناڕەزایتییە فراوانەکانی کرێکاران، کە هەر ڕۆژە و کرێکارانی کارخانەیەک لە بەرامبەر وەرنەگرتنی مووچەی چەند مانگیان مان دەگرن، ڕووسەری لەسەر لابردنی ژنێک کاردانەوە و دەنگدانەوەی زیاتری دەبێت، دەرخەری سەرکەوتووبوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانە لە سیاسەتی خۆڵکردنە چاوی خەڵکیدا.

هەروەک هەمووان دەزانن، کێشەی ژنان تەنیا لە بواری پۆشیندا نییە و هەڵاواردنە ڕەگەزییەکان لە ئێراندا بە چەشنێکە، کە ئێران لە هەموو جیهاندا لەم بوارەدا پلەی شەشەمی لە کۆتاییەوە تۆمار کردووە، بەو واتایەی ژنانی ئێران لە دوای شەش وڵاتی جیهانی، لە پەراوێزخراوترین ژنەکانی جیهانن کە لێرەدا تەنیا پۆشینی جلوبەرگ بە شێوەیەکی ئازادانە کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم ژنان نییە.

بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی، ژنان لە ئێراندا مافی خوێندنیان لە زۆرێک لە بەشەکانی خوێندنی باڵادا نییە، ناتوانن خۆیان بۆ ئاستە بەرزەکانی دەسەڵات وەک سەرکۆماری هەڵبژێرن و لە ساڵێکدا تەنیا ڕۆژێک بۆیان هەیە بێ ئیزنی پیاوی بنەماڵەکەیان جا چ باوک بێت، یاخود هاوسەر یان مێرد لە ماڵ بڕۆنە دەرەوە کە ئەویش بۆ ڕۆژی ٢٢ی ڕێبەندان، ساڵیادی هاتنە سەرکاری ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامییە و هەروەها بەشوودانی کچان لە تەمەنی نۆ ساڵیدا و مارەکردنیان لە دادگاکانی دەوڵەتدا، دەتوانین وەک دیارترین پێشێلکاریی مافەکانی ژنان باس بکەین.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران توانیویەتی بە شێوەیەکی شارەزایانە و سیستماتیک بیری کچ و ژنان بەلای جلوبەرگ و پۆشیندا ڕابکێشێت، کە ئێستا بەشێکی زۆری ژنان بیر و هزریان بە لای پۆشینی جلوبەرگ  گەلێکی سەیروسەمەرەدا دەڕوات، تاکوو بتوانن بە بیری خۆیان ئازادییە زەوتکراوەکانیان بەدەست بهێننەوە. لە کاتێکدا ئەمە بە جۆرێکی تر بە کاڵاکردنەوەی ژنانە، هەتا لە بوارەکانی دیکە کە بتوانن بەرەوپێش بچن و ڕاستیی بابەتەکان ببینن، چاویان دابخرێت و نەتوانن بەڕاستی لێکی بدەنەوە کە چ زوڵمگەلێکیان لێ دەچێت.

بەرپرسانی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە کە هیچ چەشنە ئازادییەکیان بۆ خەڵکی نەهێشتووەتەوە، بە شێوەیەک لە باسی پۆشین و حیجابی ژنان کەڵکیان وەرگرتووە کە تەنانەت بەشێکی زۆری چالاکانی بواری ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤیش، بەدەستهێنانی مافی ئازادانەی پۆشین بۆیان بووەتە ئامانجێک و بە شێوەیەک کە تەنیا لەو ڕاستایەدا کار دەکەن. دەبێت ژنان زۆر لەوە هوشیارتر بن کە ئازادییەکانیان تەنیا لەو چوارچێوەیەدا ببیننەوە و بۆیان ببێتە ئامانج و ئاواتێک کە بەو شێوەیە بتوانرێت لە لایەن دەسەڵاتی ڕێژیمی ئێرانەوە بەکار بهێنرێت.

لێرەدا دەبێت ڕێکخراوەکانی بواری ژنان و چالاکانی ئەم بوارە، بە هوشیاریی زیاترەوە لەگەڵ ئەم بابەتە ڕەفتار بکەن، هەتا ژنان باشتر شارەزاییان لە مافەکانی خۆیان هەبێت و شتێکی سادەی وەک پۆشینی ئازادانە نەکەنە ئامانجی خۆیان و خەباتەکانیان بۆ بەدەسهێنانی تەواوی مافە زەوتکراوەکانیان زیاتر بەرفراوان بکەن.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.