کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبوڵڵا هۆشداری بە کوردستانی ڕۆژئاوا دا

13:35 - 29 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: سەرۆکی حیزبوڵڵای لوبنان داوای لە کوردەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا کرد پشت بە ئامریکا نەبەستن؛ چونکە ئامریکا جێگای باوەڕ نییه.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، سەید "حەسەن نەسروڵڵا" لە وتاربێژییەکدا لە ناوچەی "ئەلجامووس"ـی باشووری بەیرووت باسی لەوە کردووە، ئێمە وەک دوژمن دەڕوانینە ئامریکا و هەمیشە دوژمنی ئێمەیە؛ بەڵام هەندێک وەک هاوپەیمان دەگەڵ ئامریکا هاوکاری دەکەن.

بەرپرسی ڕێکخراوی حیزبوڵڵا لە قسەکانیدا باسی لە کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست کردووە کە ئامریکا وێڕای هەموو کار و چالاکییەکانی لە ناوچەدا شکستی خواردووە.

ناوبراو ڕوو لە کوردەکانی کوردستان ڕۆژئاوا گوتوویەتی، بەجێگای ئەوەی کە پشت بە ئامریکا دەبەستن دانوستان لەگەڵ سووریه بکەن، ئامریکا ئێوە دەفرۆشێت.

حیزبوڵڵا ڕێکخراوێکی سیاسی ـ نیزامییە کە لە سەر بنەمای خومەینی دامەزراوە و لە لایەن ڕێژیمی تێرۆریستیی ئێرانەوە یارمەتی ماددی و مەعنەوی پێ دەدرێت.

حیزبوڵڵای لوبنان ساڵی ١٩٩٧ی زایینی، لە لایەن وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکاوە، وەکوو ڕێکخراوێکی تێرۆریستی ناسێندراوە و لە ساڵی ٢٠٠١ی زایینی بەملاوە، بەردەوام چەندین گەمارۆی جۆراوجۆر بەسەری سەپێندراوە.