کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: بەرانبەر بە خاک و خەڵکی کوردستان هەست بە بەرپرسایەتی دەکەین

13:15 - 18 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هێرشی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، هەڵوێستی جیاجیای لێکەوتووەتەوە و حیزبی دێموکراتیش لە هەمبەر داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی ئەم بەشەی کوردستان خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت.

پاش هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی ڕەزبەر ئەم هەڕەشانە بە کردەیی کرانەوە و تورکیە بە تۆپباران و هەروەها بۆمباران کردن لە ڕێگەی فڕۆکە شەڕکەرەکانیەوە هێرشی کردە سەر چەند شار و شوێن کە لە سنووری نێوان کوردستانی سووریە و تورکیەدا هەڵکەوتوون.

ئەم هێرشەی دەوڵەتی تورکیە بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان بووە هۆی گیانلەدەستدانی چەندین کەس لە خەڵکی سڤیل و هەر بۆیە کاردانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش هەڵوێستی خۆی بەرانبەر بەم هێرشانە دەربڕی.

"محەممەدنەزیف قادری"، جێگری دووهەمی لیپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات و هەروەها بەرپرسی دەزگای پێوەندییەکانی حیزب، سەبارەت بە هەڵوێستی حیزبی دێموکرات و کاردانەوە بەرانبەر بەم هێرشانە ڕایگەیاند کە حیزبی دێموکرات بە هەستی بەرپرسایەتییەوە دەڕوانێتە پرسی داکۆکیکردن لە خاک و خەڵکی کوردستان.

ناوەندیی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێرانش لە ڕاگەیەنداروێکی هاوبەشدا، داوای ڕاگرتنی شەڕ و وازهێنان لە سیاسەتی هەڕەشە و هێرش و ئامانج گرتنی خاک و خەڵکی ڕۆژئاوای كوردستانی کرد و ڕایگەیاند کە بە بڕوای ئەوان پرسی كورد له‌ هیچ كام له‌ به‌شه‌كانی له‌ ڕێگای توندوتیژی و هێرشی چه‌كداری و نیزامی چاره‌سه‌ر ناكرێت و بگره‌ ڕێگه‌ چاره‌سه‌ره‌ سیاسییه‌كانیش كوێر ده‌كاته‌وه‌.

هەسەدە لەمبارەوە ڕایگەیاندووە کە لە یەكەم ڕۆژی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستانی ڕۆژئاوا، ٣ شەڕڤان و ٥ ھاووڵاتیی سڤیل شەھید كراون.